بڕیارە نەوت و بەنزین و گاز لە هەڵەبجە بە کارتی زیرەک دابەش بکرێت
كارتی زیرەکی نەوت بۆ هاووڵاتییانی هەڵەبجە دروست دەكرێت و بڕیاریشە لە داهاتوودا بە هەمان کارت بەنزین و گاز دابەش بکرێت.
دوای سێ ساڵ مامەڵەی فۆڕمی خۆراک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە و تەواوی پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت. لەوبارەیەوە مەریوان هادی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، بە کوردستان24 ـی راگەیاند؛ دوای راگیرانی مامەڵەی فۆڕمی خۆراک بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ و پرۆسەکە دەستیپێکردووەەتەوە، گوتیشی؛ ئەوانەی ئێستا هاوسەرگیریان کردووە، یان ئەوانەی جیابوونەتەوە دەتوانن سەردانیان بکەن و مامەڵەی پسوولەی خۆراک کارتی زیرەکی نەوتییان بۆ تەواو بکەن.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، کارتی زیرەکی نەوت بۆ هاووڵات دروست دەکرێت و لەمەودوا لە رێگەی ئەو کارتەوە نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت و هەر کەسێک ئەو کارتەی نەبێت لە نەوت بێبەش دەبێت.
مەریوان هادی راشیگەیاند، بڕیاریشە لە داهاتوودا دابەشکردنی بەنزین و هەروەها گازی ماڵان بە کارتی زیرەکی نەوت بێت و گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو هەنگاوە کردووە. داواش لە هاووڵاتییان دەکات بۆ ئەوەی بتوانن کارتی زیرەکی نەوت بەدەستبێنن، دەبێت چەند پێداویستییەک ئامادە بکەن. لەوانە؛ کۆپییەک لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک، کۆپییەک لە فۆڕمی خۆراکی ماڵی باوکی کوڕەکە و هەروەها کۆپییەک لە کارتی نیشتمانی. هەروەها بۆ ئەو هاوسەرانەی جیابوونەتەوە دەبێت هەمان پێداویستی لەگەڵ خۆیان ببەن.
سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی کارتی کاتییان بۆ دروست کراوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە دەڵێت، دەبێت ئەوانە کارتەکانیان بگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی کارتی هەمیشەییان بۆ دروست بکرێت و کارتی کاتی نامێنێت.
بە گوێرەی داتاکان 205 بریکاری خۆراک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەن و ساڵانە بەشەخۆراک و نەوت لە رێگەی ئەو بریکارانەوە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت. بڕیاریشە لەمەودوا تەواوی کارەکانی بریکارەکانی خۆراک و دابەشکردنی نەوت و بەرهەمەکان بە ئەلیکترۆنی بکرێت.