وەزیرانی دارایی و نەوت چاوەڕێی دیاریکردنی کاتی بانگهێشتکردنیانن لە پەرلەمانی عێراق

وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراق
وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراق

پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات، سەرەڕای داواکارییەکانی وەزیرانی دارایی و نەوت بۆ ئامادەبوون، هێشتا پرسی میوانداریکردنیان نەخراوەتە کارنامەی دانیشتنەکەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا کاتی ئامادەبوونیان دیاری بکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 09ـی ئابی 2026، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات.

 سەرەڕای داواکاریی فەرمیی خودی وەزیری دارایی بۆ ئامادەبوون، هێشتا پرسی بانگهێشتکردنی بۆ پەرلەمان نەخراوەتە نێو کارنامەی دانیشتنەکەوە. هاوکات وەزیری نەوتی عێراقیش بە فەرمی داوای کردووە بۆ خستنەڕووی نەخشەڕێگەی داهاتووی کەرتی وزە، بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.

لەم بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بــە کوردستان24ـی راگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تاوەکو ئێستا بڕیارێکی فەرمیی لەسەر دیاریکردنی کاتی بانگهێشتکردنی فالح ساری، وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان نەداوە.

 سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، فراکسیۆنەکەیان بە دڵنیاییەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەکات و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە بابەتە سەرەکی و لەپێشینەکانی گفتوگۆکانیان دەبێت.

هاوکات عامر رەحیم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی خزمەتگوزاریی و باڵی سیاسیی بەرەی بەرگریی ئیسلامیی و یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی لە سەرەتادا داوای بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی کردبوو بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئابووریی وڵات، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی نییە، بەڵام ئەگەر لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا بانگهێشت نەکرێت، ئەوا ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیار لەسەر بانگهێشتکردنی بدات.

لە لایەکی دیکەوە سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت، لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا پرسی بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام چەندین دۆسیە و پرسی گرنگی دیکە هەن لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز ئاشکراشی کرد، باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق بە فەرمی ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ چوونە پەرلەمان و داوای کردووە میوانداری بکرێت بە مەبەستی خستنەڕووی نەخشەڕێگەی داهاتووی کەرتی وزە لە عێراقدا، بەتایبەتی لە دوای دروستبوونی دۆخی نائارام و قەیرانی گەرووی هورمز.