تەیف سامی لەلایەن دادگاوە داوا کراوە

تەیف سامی لە ناو لیستی داواکراوانی بەردەم دادگا و داوای لێکراوە لەبەردەم دادوەر ئامادە بێت، بەڵام ئەو ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە. هاوکات هەڵمەتێکی دیکەی پرۆسەی دەستیگرکردنی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عیراق تێوەگلاون بە دۆسیەی گەندەڵی دەستیپێکات. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا کە لە سەرکردەیەکی باڵای شیعەکانەوە وەریگرتووە، هەڵمەتێکی نوێی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی دەستیپێکردووە و یەکەم بەرپرسیش ئەبو مازنی سەرۆکی حزبی جەماهیری وەتەنی و عەلی محەمەد کەسی نزیکی ئەبو مازن دەستیگرکراون. 

لەلایەکی دیکەوە عەبدولڕەحمان جەزائیری سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەدوای دەستگیركردنی ئەبو مازن، فەرمانی دەستگیركردن بۆ یاریدەدەر و جێگری پارێزگار بۆ ژمارەیەک پارێزگا دەردەچێت و كەسانی دیكەی پلە باڵاش دەستگیر دەكرێن. 

لەبارەی هەڵاتنی ژمارەیەک وەزیر و کەسانی پلە باڵا، جەزائیری دەڵێت: لە دادگا و دەستەی دەستپاكی فەرمانی دەستگیركردن یان بانگێشتكردن بۆ ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی وەزارەتی كار دەرنەچووە، بەڵام یەكێک لەوانە بانگێشتی دادگا كراوە، تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی، بەڵام دەستگیر نەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 100 پەرلەمانتار بەهۆی هەبوونی گومانی گەندەڵی بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان ناكەن و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە دەرەوەی وڵاتن.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانیی دەوڵەت جەختی كردەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەک ئەندامی گرووپە چەكدارەكان بەتۆمەتی گەندەڵی و چەند پرسێكی دیكە دەرچووە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە دەستگیر بكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چاوپۆشی لەكەس و پلە و پۆستی كەس ناكرێت، ئەوانەی گومانیان لەسەرە دەستگیر دەكرێن.