بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو عێراق تەکنەلۆژیای سەردەمی تورکیا بەکاردەهێنێت
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، ئەمڕۆ رێککەوتننامەیەکی لێکگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای "کۆڵای سۆفت" تورکی واژۆ کرد. ئامانجی رێککەوتنەکە داڕشتنی چوارچێوەیەکی هاوبەشە بۆ بەڕێوەبردنی زیرەکی سەرچاوە ئاوییەکان، بە جۆرێک یارمەتیدەر بێت لە بەکارهێنانی نموونەیی ئاو و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لەو کەرتەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، دکتۆر موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە، بەتایبەت لە سایەی ئەو ئاستەنگە ژینگەیی و کەشوهەواییانەی کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە و بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بەکاربردنی ئاو.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دۆخە وا دەخوازێت تەکنەلۆژیای سەردەمیانە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئاوییەکان بەکاربهێنرێت، هاوکات ئەوەشی روون کردەوە، رێککەوتنەکە هیچ پابەندییەکی دارایی یان تێچوویەک ناخاتە سەر ئەستۆی وەزارەت.
رێککەوتنەکە چەند بوارێکی گرنگ لەخۆ گرتووە لەوانەش؛ سوودوەرگرتن لە شارەزایی کۆمپانیا تورکییەکە بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی گشتگیر بۆ چاودێریکردن و پێوانەکردنی ئاوە سەرزەوی و ژێرزەوییەکان. هەروەها کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی داتا و زانیارییەکان و داڕشتنی بەرنامەی ورد بۆ شیکردنەوەی خاڵەکانی بەکارهێنان و بەفیڕۆچوونی ئاو.
لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی ئامێری خوێندنەوەی پێوەرەکان لە دوورەوە و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای هەستەوەرەکان و پەرەپێدانی سیستەمی زانیاریی جوگرافی (GIS) بۆ دیاریکردنی شوێنی سەرچاوەکانی ئاو و دامەزراوەکان و بەستنەوەی زانیارییەکانیان بە نەخشە دیجیتاڵییەکانەوە.
رێککەوتنەکە لایەنی مرۆیی فەرامۆش نەکردووە و بڕیار وایە بەرنامەی مەشق و راهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت لە بواری سیستەمە دیجیتاڵییەکاندا رێکبخرێت، ئەمەش وەک بەشێک لە کار لە پێشینەکانی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئاو لە عێراقدا.