حەشدی شەعبی تۆمەتەکانی دژی فالح فەیاز رەتدەکاتەوە

دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکی تونددا، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە ئاراستەی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەکە کراون، سەبارەت بە هەبوونی زانیاری پێشوەختە لەسەر هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانیان و ئاگادارنەکردنەوەی هێزەکان.

دەستەی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، رایگەیاند: "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، سەرجەم هێزەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون، تەنانەت دوو رۆژ پێش هێرشەکەش، گشت یەکە سەربازییەکانمان ئاگادارکردووەتەوە لەوپەڕی وریاییدا بن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانیش، دەستەکە ئاشکرای کرد، فەوجی چوار لە لیوای 30ـی رێکارە خۆپارێزییەکانی وەک پێویست جێبەجێ نەکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرترین ژمارەی کوژراو لەو یەکەیەدا بێت. لەبەر ئەوە، سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو فەوجەدا بکات بۆ دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمەکان.

حەشدی شەعبی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی هەندێک لایەنی سیاسی خوێنی شەهیدان و برینداران بۆ ململانێ و یەکلاکردنەوەی حساباتی سیاسی بەکاردەهێنن. بەیاننامەکە جەختی کردەوە، ئەم جۆرە رەفتارانە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە نییە و گوتیان: "ئێمە لە هەر کەسێکی دیکە پەرۆشتری پاراستنی رۆڵەکانمانین لە حەشدی شەعبی."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، دەستەی حەشدی شەعبی هۆشداری دایە ئەو کەس و لایەنانەی کە زانیاری هەڵە و تۆمەتی بێبنەما بڵاودەکەنەوە و رایگەیاند: "مافی یاسایی خۆمان دەپارێزین بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک کە بە ئەنقەست ناوبانگی سەرکردایەتی حەشد لەکەدار بکات."