فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی کاری عێراق دەرچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە،9ـی ئابی 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا / کەرخ، فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دەرکرد.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی کە بڵاوکراوەتەوە، دادگا فەرمانی بە ئەندامانی دەستەی لێکۆڵینەوەی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس کردووە، تۆمەتبار ئەحمەد جاسم سابیر ئەسەدی دەستگیر بکەن.

سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی فەرمانەکە، لە نووسراوەکەی دادگادا هاتووە: "تۆمەتبار بەهۆی سوودوەرگرتنی راستەوخۆ لەو گرێبەست و کارانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بوون وەک وەزیری کار، هەروەها تێپەڕاندنی چەندین گرێبەستی پێچەوانەی یاسا بە مەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی تایبەت بۆ خۆی و کەسانی دیکە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە."

دادگا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم فەرمانە بەگوێرەی ماددەی 319 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969هەموارکراو دەرچووە، کە تایبەتە بەو فەرمانبەرە گشتییانەی پلە و پۆستەکەیان بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکاردەهێنن.