ئیکۆ عێراق: نزیکەی 390 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی وڵات

بەشێکی ئەو پارەی گەڕێندراوەتەوە
بەشێکی ئەو پارەی گەڕێندراوەتەوە

روانگەی ئیکۆ عێراق ئاماری نوێی پارە گەڕێندراوەکانی بۆ گەنجینەی وڵات بڵاو کردەوە و تێیدا دەرکەوتووە بڕی 390 ملیار دینار و 141 ملیۆن دۆلار لەگەڵ 500 کیلۆگرام زێڕ گەڕێندراونەتەوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09ـی ئابی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق ئاماری پارە گەڕێندراوەکانی هەڵمەتی بەرەبەیان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵیی بڵاوکردەوە.

 بە گوێرەی روانگەکە، بڕی 390 ملیار دینار و 141 ملیۆن دۆلار لەگەڵ 500 کیلۆگرام زێڕ گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی وڵات. 

ئەو بڕە پارەیە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی چەند وەزارەت و دەستەیەک و یەکسانە بە مووچەی یەک مانگی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

لە شیکردنەوەکەی روانگەی ئیکۆدا هاتووە، ئەگەر نیو تۆن زێڕەکە هەر گرامێکی لەسەر 185 هەزار دینار هەژمار بکرێت، کۆی پارە گەڕاوەکان دەگاتە 482 ملیار دیناری عێراقی. بەم شێوەیە دەتوانرێت مووچەی وەزارەتەکانی گواستنەوە، ژینگە، کۆچ و نەوت دابین بکرێت، یان نیوەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت. 

هەروەها روانگەی ئیکۆ عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی سامانی گشتی نیشان دەدات و جەخت لە روونیی راگەیاندنی پارەکان و چارەنووسیان دەکاتەوە.

هەڵمەتی بەرەبەیان یەکێکە لە گەورەترین هەڵمەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە مێژووی عێراقدا و لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026 لە لایەن عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە راگەیەندرا. 

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی تاڵانکراوی دەوڵەتە. لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە دەیان بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار دەستگیر کراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەی کاش، زێڕ و موڵکدا گیراوە لە ماڵ و شوێنی نهێنیدا شاردراونەتەوە.