سووریا و رووسیا لەسەر رادەستکردنی فڕۆکەخانەی حمێمیم و بەندەری تەرتووس رێککەوتن
حکوومەتی سووریا رێککەوتنیان لەگەڵ رووسیا راگەیاند سەبارەت بە چارەنووسی بوونی سەربازیی مۆسکۆ لە وڵاتەکەدا، کە تێیدا بڕیاردراوە بنکە سەربازییەکانی رووسیا بکرێنە ناوەندی مەشقی هاوبەش و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی حمێمیم و بەندەری تەرتووس رادەستی لایەنی سووری بکرێنەوە.
یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا "سانا" لە زاری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە یادداشتی لێکگەیشتنێک بۆ "دووبارە داڕشتنەوەی" ئەرکی بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی رووسیا، بە شێوازێک کە لە بنکەی سەربازییەوە بگۆڕدرێن بۆ "ناوەندی هاوبەشی مەشق و راهێنان" لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بپارێزێت.
وەزارەتی دەرەوە روونیکردەوە کە لایەنەکان بەشێوەیەکی کاتیی تاوەکوو 3 مانگیان دیاریکردووە بۆ تەواوکردنی تەواوی پڕۆسەی گۆڕینی ئەرکی بنکەکان، بۆ ئەوەی رێککەوتنە نوێیەکە بە فەرمی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی دەقی یادداشتەکە، پڕۆسەی رێکخستنەوەی بوونی رووسیا لە کەناراوەکانی سووریا دەستپێدەکات، و بڕیاریشە سووریا بەڕێوەبردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان بگرێتە دەست، کە لە پێشەنگیاندا فڕۆکەخانەی حمێمیم و رەسێفی بازرگانیی چوارەم لە بەندەری "تەرتووسن، بە شێوازێک کە قۆناخ بە قۆناخ تێکەڵی سیستمی ئیداریی مەدەنیی دەوڵەتی سووریا بکرێنەوە.
ئەم رێککەوتنە گرنگە دوای ساڵێک و نیو لە دانوستان و گفتوگۆی چڕی دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەگەڵ مۆسکۆ بەدەستهاتووە، کە دواجار توانی چارەنووسی هەردوو بنکە سەربازییەکەی رووسیا لە حمێمیم و تەرتووس یەکلا بکاتەوە و ملامحی قۆناخی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و سووریا بکێشێت.