ئیسرائیل نەخشەی دابڕاندنی باشووری لوبنانی سڕیەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، ئەو نەخشەیەی سڕییەوە کە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە بەهۆی ئەوەی بەشێک لە خاکی باشووری لوبنانی بۆ سەر نەخشەی ئیسرائیل زیاد کردبوو. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دوای فشارە دیپلۆماسییەکانی لوبنان هات.

نەخشەکە لە پۆستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا بڵاوکرابووەوە تایبەت بوو بە رێژەی بەدخۆراکی منداڵان لە کەرتی غەززە، بەڵام تێیدا سنوورەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەک کێشرابوون، ناوچەکانی باشووری لوبنانیشی گرتبووەوە.

دوای ناڕەزایەتییەکان، وەزارەتەکە نەخشەکەی لە هەژماری فەرمی خۆی بە زمانی ئینگلیزی لە پلاتفۆرمی ئێکس سڕییەوە، هەرچەندە بۆ ماوەیەک لە هەژماری ئیسرائیل بە عەرەبی مابووەوە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لوبنانی بە میدیاکانی راگەیاند: "پەیوەندیمان بە واشنتنەوە کردووە بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل تا ئەو نەخشەیە لاببات کە یاری بە سنوورەکان دەکات، هەوڵەکانمان سەرکەوتوو بوون و نەخشەکە سڕایەوە."

لای خۆیەوە، حزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی ئەم نەخشەیە بەڵگەی تەماحەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر خاک و سامانی لوبنان. حزبوڵڵا داوای راگرتنی دانوستانە راستەوخۆکانی کرد و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دانوستانەکان تەنیا بۆ کات کوشتن و سەپاندنی واقیعی نوێ بەکاردەهێنێت.

چەند رۆژێک لەمەوبەر گەڕی حەوتەمی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە رۆما بە چاودێری ئەمریکا کۆتایی هات. دانوستانەکان لەسەر بنەمای چوارچێوەیەکن کە لە 26ـی حوزەیرانی رابردوو واژۆ کراوە و باس لە کشانەوەی پلەبەندی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکانی لوبنان دەکات، لە بەرانبەر بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان و داماڵینی چەکی حزبوڵڵا لەو ناوچانە.

ئیسرائیل ئێستا بەشێک لە ناوچەکانی باشووری لوبنانی داگیرکردووە، هەندێکیان مێژووەکەیان بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و هەندێکی تریشیان لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ساڵی 2023 و 2024 داگیرکراون، تێیدا سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 10کیلۆمەتر چووەتە ناو خاکی لوبنانەوە. بڕیارە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوەبچێت.