تاران گرەو لەسەر کات و بێزاربوونی ترەمپ دەکات

بەگوێرەی شرۆڤەی ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی، سەرکردەکانی ئێران وا هەست دەکەن هەلی سەرکەوتن لە ململانێکانیاندا نزیک بووەتەوە. ئەوان ستراتیژییەکەیان لەسەر بنەمای فاکتەری کات و ئەگەری بێزاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داڕشتووە، بەو هیوایەی فشارە سەربازییەکان وا لە واشنتن بکات لە کۆتاییدا دان بە هەژموونی ئێراندا بنێت بەسەر گەرووی هورمزدا.

ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تاران پێی وایە کات لە بەرژەوەندی ئەواندا دەڕوات. ئێرانییەکان درک بەوە دەکەن کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەکی جەنگی ئەمریکا وەک مووشەکە بەرپەرچدەرە پێشکەوتووەکان فشارێکی گەورەیە لەسەر ئیدارەی ترەمپ. هەروەها دەزانن شەڕ لە ناوخۆی ئەمریکادا لایەنگری کەمە و داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، ئەمەش کارتێکی فشارە بەر لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا.

مستەفا نەجەفی، شرۆڤەکاری ئەمنی لە تاران دەڵێت: "گەرووی هورمز بۆ ئێران بووەتە ئامرازێکی ستراتیژی بۆ بەرپەرچدانەوە و پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا." تاران جەخت دەکاتەوە، هورمز چیتر وەک رابردوو رێڕەوێکی کراوە نابێت و هەر کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەوان تێپەڕێت، دەکرێتە ئامانج. سەرکردایەتی سەربازیی ئێران ئەم گەرووەی وەک هێڵی سوور ناوبردووە.

لە لایەکی دیکەوە، رەحمان قارەمانپوور، شرۆڤەکاری سیاسی پێی وایە کە ململانێی هورمز وایکردووە دۆسیەی ئەتۆمی بکەوێتە پلەی دووەم، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێراندایە چونکە لە کاتی هەر دانوستانێکی نوێدا، کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە دەبێتە کارتێکی بەهێز بەدەست تارانەوە.

سەرەڕای ئەم گەشبینییەی دەسەڵاتدارانی تاران، ئەم ستراتیژییە بێ مەترسی نییە. ئابووری ئێران بەهۆی گەمارۆکان و لێدانە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. هەڵاوسانی نرخی خۆراک و هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ لێدانی ژێرخانی مەدەنی وەک ئاو و کارەبا، ترسی لای بەرپرسە میانڕەوەکانی وەک مەسعوود پزیشکیان و محەمەد جەواد زەریف دروست کردووە.

زەریف لە وتارێکی نوێدا هۆشداری داوە کە ئەگەر زوو رێککەوتن نەکرێت، ئەگەری سەرهەڵدانی نائارامی ناوخۆیی لە ئارادایە، چونکە توانای بەرگەی ئابووریی خەڵک سنووردارە.

ئێران لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاندووە، گەرووی هورمز ناکاتەوە تاوەکو ئەمریکا رەفتارەکانی راست نەکاتەوە. مەرجەکانی تاران بریتین لە: کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران،  کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانەکانی شەڕ و ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات یان باج بەسەر کەشتیگەلی جیهانیدا بسەپێنێت.

لەم کێبڕکێی ئیرادانەدا، تاران پێی وایە خاوەنی کارتی براوەیە، بەڵام مێژووی ناوچەکە دەریخستووە کە شەڕەکان کەمجار بەو شێوەیە کۆتایی دێن کە پلان بۆ داڕێژراوە.