عێراق بۆ پاراستنی سنوورەکانی فەرماندەییەکی نوێی سەربازی پێکهێنا
حکوومەتی عێراق پێکهێنانی فەرماندەییەکی نوێی سەربازیی بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لە ناوچە بیابانییەکانی پارێزگای موسەننا راگەیاند کە ناوچەیەکی ستراتیژیی هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی سعوودیە و کوەیت.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، فەرمانێکی دیوانی دەرچووە بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بادییە. ئامانجی سەرەکیی ئەم فەرماندەییە بریتییە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە بیابانی موسەننا و ئەو ناوچانەی دەکەونە دەوروبەری.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکی ئەم فەرماندەییە تەنیا پاراستنی سنوورەکان نییە، بەڵکو کار دەکات بۆ رێکخستنی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان پارچە سەربازییەکانی دیکە و فراوانکردنی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانەدا کە پێشتر بۆشایی ئەمنییان تێدابووە.
پارێزگای موسەننا دەکەوێتە دوورترین خاڵی باشووری رۆژئاوای عێراق و خاوەن سنوورێکی فراوانە لەگەڵ هەردوو وڵاتی سعوودیە و کوەیت، زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی بیابانێکی چۆڵ و سەختن.
دوای هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە کۆتایی تەممووزی 2026، دۆخی ئەمنی عێراق شڵەژا و گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان کرد.
لای خۆیەوە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەخت لە بێلایەنیی عێراق دەکاتەوە. بڕیاریداوە تا 30 ئەیلوول هەموو چەکێک بگەڕێتەوە ژێر دەستی دەوڵەت و کۆتایی بە کاری راوێژکارە ئێرانییەکان هێناوە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ.
لەلایەکی دیکەوە سوپای عێراق لە ئامادەباشی تەواوەدایە بۆ پاراستنی سنوورەکان بەتایبەت لەگەڵ سووریا و رێگری لە هەر هێرشێکی میلیشیاکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ (سعوودیە و ئەمریکا).
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەهۆی فشار و نێوەندگیریی سیاسی هادی عامری هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی دواخستووە، بەڵام هێشتا کێشەی سەرەکییان لەگەڵ بڕیاری رادەستکردنی چەکەکانیان بە حکوقمەت هەیە.