ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا دەنگ بە پڕۆژەیاسای ئاشتی دەدات

پڕۆژەیاسای چوارچێوە دەخرێتە دەنگدانەوە

پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی بۆ رێکخستنی دۆسیەی زیندانییانی پەکەکە تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای چوارچێوە پڕۆسەی ئاشتی کۆدەبێتەوە. 

رۆژی شەممە، 08ـی ئاب، لێژنەی دادی پەرلەمان پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد و بڕیارە ئەمڕۆ بخرێتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و دەنگدانی کۆتایی.

ئەم پڕۆژەیاسایە لە 12 بڕگە پێکهاتووە و واژۆی 360 پەرلەمانتاری لەسەرە. لە ناوەرۆکدا رێکارەکانی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تاوانەکانی پەیوەست بە پەکەکە و کەجەکە دیاری دەکات. 

جێبەجێکردنی یاساکە بە مەرجێکی سەرەکی بەستراوەتەوە، ئەویش بڵاوکردنەوەی بڕیاری فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیایە لە رۆژنامەی فەرمیدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە. دوای ئەو بڕیارەش تەنیا شەش مانگ دەرفەت بۆ سوودمەندبوون لەم یاسایە دەدرێت.

بەپێی ناوەرۆکی یاساکە، سزای ئەو کەسانەی تاوانەکانیان لە 15 ساڵ زیندانی کەمترە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و ئەوانەی لە 15 ساڵ زیاترە بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت، بەو مەرجەی لەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی دیکەی تیرۆر نەکەن، هەروەها بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ مافی کارکردنی سیاسییان لێ دەسەندرێتەوە.

خاڵە هەرە هەستیارەکەی ئەم یاسایە ئەوەیە سەرکردایەتیی پەکەکە و ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستدا هەبووە، یان ئەو تاوانانەی پێش ساڵی 2005 ئەنجامدراون و سزای زیندانی هەتاهەتایییان لەسەرە، بە هیچ شێوەیەک نایانگرێتەوە.

بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە، لێژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و کۆمیسیۆنێکی چاودێری لەناو پەرلەماندا پێکدەهێنرێت.