ماسییەکی مەترسیدار بە رووبارەکانی عێراقدا بڵاو بووەتەوە

لەم ساڵانەی دواییدا، رووبارەکانی عێراق ئارامیی پێشوویان نەماوە؛ جەنگێکی بێدەنگ لە قوڵایی ئاوەکاندا بەڕێوەدەچێت. ماسیی سەلوورە، زیندەوەرێکی هێرشبەری بێبەزەییە، بووەتە مۆتەکەی سەرەکیی رووبارەکان و هەرچی لە بەردەمیدا بێت، لووشی دەدات.

ئەم ماسییە نەک تەنیا سامانی ماسیی عێراقی راماڵیوە، بەڵکو تۆڕی راوچییەکانیشی خاڵی کردووەتەوە. ماسیگران، ساڵانێکە بژێویی ژیانیان لەگەڵ جووڵەی شەپۆلەکاندا گرێداوە، ئێستا بوونەتە قوربانیی یەکەمی ئەم داگیرکەرە نوێیەی ژێر ئاو؛ زیندەوەرێک کە بە قووتدانی هەموو زیندەوەرێک، نانی سەر مێزی راوچییەکانیشی بۆ خۆی لووش داوە!

هەرچەندە هێشتا کێشەی پیسبوونی رووبارەکانی عێراق چارەسەر نەکراوە، مەترسییەکی نوێ سەری هەڵداوە هیچی لە پیسبوون کەمتر نییە، بڵاوبوونەوەی ماسیی سەلووری ئەفریقییە، پێشتر لە عێراقدا نەبووە. بڵاوبوونەوە ئەم جۆرە ماسییە کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر ماسیگران و هۆشداریش دەدەن لەوەی زۆربوونی، مەترسی لەسەر لەناوچوونی ماسییە رەسەنەکانی عێراق دروست دەکات.

ماجيد ئەنساری ماسیگر بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ "ماسیی سەلوور کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئیشی ئێمەی ماسیگر دروست کردووە، بەتایبەت لەسەر خودی ماسییەکان، چونکە هێلکەی ماسییەکان دەخوات و خۆراکی لەسەر ماسییە بچووکەکانە. ئەمە دیاردەیەکی نوێیە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەناوچوونی ماسیی قەتان و شەببووت."

عەلی موحسین ماسیفرۆش دەڵێت؛ "کاریگەریی ئەم ماسییە ئێستا دەرناکەوێت، بەڵام دوای چەند مانگێکی کەم، ماسییە بچووکەکان دەخوات، چونکە ماوەیەک پێش ئێستا وەرزی زۆربوون بوو و لەم وەرزەدا ماسی هێلکە دادەنێت و دوای ماوەیەک هەڵدێن، بەمەش ماسییە سەلوورەکان ماسییە بچووکەکان دەخۆن و ئەمەش کاریگەریی ئابووری دەبێت."

شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی گەورەترین مەترسی، کاریگەریی ئەم ماسییەیە لەسەر هاوسەنگیی ژینگە و داواش دەکەن هەڵمەتێکی گەورە بۆ کۆنترۆڵکردنی ماسیی سەلوور رێکبخرێت، هاوکات دەکرێت وەکو ئالیکی ئاژەڵان سوود لەم جۆرە ماسییە وەربگیرێت. 

عومەر عەبدولـلەتیف، لە روانگەی عێراقی سەوز ئاماژەی بەوەدا، "ماسیی سەلوور دڕندەیەکی مەترسیدارە و چووەتە ناو زۆنگاوەکانی عێراق، بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست.  ئەم ماسییە لە وڵاتانی دراوسێوە هاتووە کە وەکو ئالیکی ئاژەڵان بەکاریان دەهێنا. کێشەکە ئەوە بوو لەناو قەفەسدا پەروەردە دەکرا، بەڵام بەشێکیان لە قەفەسەکان رایان کرد و لە رێگەی لافاوەوە هاتنە ناو عێراق. پێویستە هانی ماسیگران بدرێت بۆ راوکردنی، پاشان لێیان بکڕدرێتەوە و لە عێراقدا وەکو ئالیک بۆ مریشک و ماسی بەکار بهێنرێت."

لە پیسبوونی مەترسیداری رووبارەکانی عێراقەوە تا دەگاتە داگیرکاریی ماسیی سەلووری ئەفریقی، لە کاتێکدا هەندێک کەس پرسیاری ئەوە دەکەن: رۆڵی وەزارەتی ژینگە چییە لە بەرامبەر ئەو وێرانکارییەی رووبەڕووی رووبارەکانی عێراق بووەتەوە؟