شۆفێرانی بارهەڵگر رێگای کەرکووک - سلێمانییان داخست
شۆفێرانی بارهەڵگر وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە رێکارەکانی پشکنین و وەرگرتنی سەرانە، رێگای سەرەکیی نێوان کەرکووک و سلێمانییان بە تەواوی داخست و قەرەباڵخییەکی گەورەیان دروست کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر لە بازگەی چیمەن، هەردوو ئاراستەی رێگای نێوان کەرکووک و سلێمانی بە رووی هاتوچۆدا داخرا.
هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، شۆفێرانی بارهەڵگر بەهۆی رێکارەکانی پشکنین و هێشتنەوەیان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر رێگاکەیان داخستووە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هێزێکی ئەمنی بۆ کردنەوەی رێگاکە رەوانەی بازگەکە کراوە، بەڵام بەهۆی زۆریی ئۆتۆمبێلەکانەوە کردنەوەی رێگاکە کارێکی ئاسان نییە و پێشبینی دەکرێت سێ کاتژمێر کاتی پێویست بێت.
قەرەباڵخییەکە تاوەکو ناحیەی قەرەهەنجیر درێژ بووەتەوە و هەزاران ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم ناڕەزایەتییە بۆ وەرگرتنی پارە و سەرانە لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی پێشتر دوو باندی گەورەی گەندەڵی لەو بازگانە دەستگیر کرابوون، بەڵام هێشتا کێشەکە بەردەوامە و شۆفێران ناچار بوون ئۆتۆمبێلەکانیان جێبهێڵن.
ئەم داخستنە بووەتە هۆی ئاستەنگ بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشن یان کاری بەپەلەیان هەیە و رەوشەکە بە تەواوی لە کۆنترۆڵ دەرچووە.