سوپای عێراق دەست بەسەر 200 دۆنم زەوی جوتیارانی کورد دەگرێت
سوپای عێراق لە گوندی تۆپزاوەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دەستی بە لێدانی خەندەقێکی ئەمنی کردووە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 200 دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیارانی کوردی تێکداوە. جوتیارانی ناوچەکەش دەڵێن، سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی یاسایی، سوپا هیچ گوێ بە بڕیارەکانی دادگا و مافی خاوەندارێتی ئەوان نادات.
چیرۆکەکە لە کێشەی پارچە زەوییەکەوە دەستیپێکرد، بەڵام دواتر ئاراستەی رووداوەکان گۆڕا. سوپای عێراق بە ناوی خاوەندارێتی تەنیا 12 دۆنم زەوی هاتە ناوچەکە، بەڵام ئێستا خەندەقێکیان لە نێو جەرگەی 200 دۆنم زەوی جوتیارانی کورد لێداوە و رێگەی هاتووچۆ و گەیشتنیان بە زەوییەکانیان بە تەواوی بڕیوە.
سەرەتا سوپای عێراق بە پاساوی لێدانی خەندەقێکی ئەمنی لە دەوروبەری کەرکووک شۆفڵ و حەفارەی هێناوە، بەڵام دواتر بە جوتیارانیان گوتووە کە زەوییەکان سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە. جوتیارێکی ناوچەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "تەنیا لە زەوییەکەی مندا 40 دۆنم تێکدراوە، بەرهەمی گەنمەشامی و سۆندەکانمان هەمووی شێلراون و شکێنراون، زیانی ملیۆنان دینارمان بەرکەوتووە."
جوتیارانی تۆپزاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان تاپۆی رەش و نووسراوی فەرمی دەوڵەتیان لەدەستدایە، بەڵام نە دادگا گوێ لە بەڵگە یاساییەکانیان دەگرێت و نە سەروەری یاسا رێگری لە لێدانی خەندەقەکە دەکات.
هەروەها جوتیارێکی دیکە کە رووبەرێکی زۆری زەوییەکەی بەر خەندەقەکە کەوتووە، بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "من لێرە 150 دۆنم زەویم هەیە و هەموویم چاندووە، بەڵام تەنیا بەهۆی ئەم خەندەق و ساترەی لێیان داوە، نزیکەی 40 دۆنم لە زەوییەکەی منیان بردووە و تێکیان داوە."
جوتیارانی تۆپزاوە دوپاتی دەکەنەوە کە ئەوان خاوەنی تاپۆی رەش و بەڵگەی فەرمین، بەڵام نە دادگا گوێ لە بەڵگەکانیان دەگرێت و نە سەروەری یاسا رێگری لەو کارەی سوپا دەکات. ئێستا جوتیاران تەنیا تەماشای ئەو خاکە دەکەن کە تا دوێنێ بژێوی خێزانەکانیانی لەسەر بوو و ئێستا بە بەرچاویانەوە تێکدەدرێت.