رێگری لە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک بۆ سنووری ماددەی 140 دەکرێت
ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی رێگری لە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک بۆ سنووری ماددەی 140 دەدەن.
بە گوێرەی نووسراوێک کە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە و بە گوێرەی نووسراوەکە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات فۆڕمی خۆراک بۆ ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 بگوازنەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە رەزامەندی پێشوەختەی لیژنەکە بێت. ئەوەش ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی هاووڵاتییان تا دەگاتە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی کورد لێکەوتەوە و هەوڵی رێگری کردن لەو بڕیارە دەدرێت.
لەوبارەیەوە، سروە محەمەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 ـی گوت؛ چەند پەرلەمانتارێک نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی کردووە و هەروەها سەردانی وەزیری بازرگانیشیان کردووە، داوان کردووە ئەو بڕیارە رابگرێت و دۆخی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 لەبەرچاو بگیرێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، ئەگەر گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک بۆ هەموو ناوچەکان ئاسایی بێت، بۆ سنووری ماددەی 140 ئاسایی نییە تاوەکو دۆسییەکەیان یەکلایی دەکرێتەوە. ئاشکراشی کرد، داوایان لە وەزیری بازرگانی کردووە، تا جێبەجێکردنی ماددەی 140 میکانیزم و رێگەچارەی دیکە بدۆزرێتەوە و جەختیشکردەوە، هۆکاری سەرەکی کێشەکان جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140ـە.
رۆژی 28 ـی مانگی رابردوو نووسراوێک بە ژمارە 557 بە واژۆی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140 دەرکراوە و بە گوێرەی نووسراوەکە ''گواستنەوەی فۆرمی خۆراک لە نێوان پارێزگاکان و ناوچە جێناکۆکەکاندا ناکەوێتە ناو چوارچێوەی کاری لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دژایەتیشی نییە لەگەڵ رێساکانی لێژنەکەدا، بۆیە هیچ ڕێگرییەک نییە لە گواستنەوەی فۆرمی خۆراکی هاووڵاتییان بۆ ئەو ناوچانە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە لێژنەکە." ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و هەوڵەکان لەسەر ئاستی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە رابگیرێت. چونکە بە مەترسی لەسەر داهاتوو و دیمۆگرافیای ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 دادەندرێت.