وەزارەتی ناوخۆی عێراق:71 بارەگای وەهمی سەر بە حەشدی شەعبی داخراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن پارچە چەک تۆمار کراون و کار بۆ دروستکردنی بانکی زانیاری بۆ شەش ملیۆن پارچە چەک دەکرێت، هاوکات 71 بارەگای وەهمی سەر بەحشدی شەعبی داخراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژامەوانیدا رایگەیاند، بانکی زانیاری بۆ شەش ملیۆن پارچە چەک دروستدەکرێت، تاوەکو ئێستاش پرۆسەی تۆمارکردن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تێیدا زیاتر لە نیو ملیۆن پارچە چەک تۆمار کراون.

میقداد میری ئاماژەی بەوەش دا، 71  بارەگای وەهمی سەر بەحەشدی شەعبی داخراون، دەشڵیت، لەمەودوا هەر درۆنێک بەبێ رەزامەندی هەڵبدرێت وەک کردەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

راشیگەیاند، مۆڵەتی تۆمارکردنی چەک لە 31ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت، هەرکەسێک دوای ئەو وادەیە چەکی بێ مۆڵەت و تۆمارنەکراوی پێبێت، ئەوا بە فەرمی وەک "دەرچوو لە یاسا" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ، سەپاندنی قەدەخەی گشتیی هاتوچۆ لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە هیچ رێنماییەکی لەو شێوەیە بوونی نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکبوونەوەی 30ـی ئەیلوول وەک مۆڵەتێک بۆ کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەست دەوڵەتدا، نیگەرانی و ئامادەکاریی ئەمنی لێکەوتووەتەوە.

میقداد میری باسی لەوەشکرد، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەستی دەوڵەت کردووەتەوە و هۆشداریی داوە کە هەر چالاکییەک دوای ئەو مۆڵەتە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

دەشڵێت، بۆچوونی لایەنە چەکدارەکان جیاوازە؛ هەندێکیان ئامادەییان بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت نیشان داوە، لە بەرامبەردا هەندێکی تر مەرجیان داناوە کە پرسی چەک پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی بوونی سەربازیی بیانی و دڵنیابوون لە پاراستنی عێراق.

لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەدا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، زیاتر لە 745 ئۆفیسی تایبەتیان لە سەرجەم پارێزگاکان بۆ تۆمارکردنی چەک کردووەتەوە. تا ئێستا توانیویەتی مۆڵەتی چەک بە زیاتر لە 160 هەزار کەس ببەخشێت، هەروەها زیاتر لە نیو ملیۆن پارچە چەکی هاووڵاتییان تۆمار بکات، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی 143 هەزار چەکی نایاسایی و ئاشکراکردنی دزینی 2668 پارچە چەک.