دەستپاکی عێراق: کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ لەکاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، کارمەندێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیان لە شاری بەغدا دەستگیرکردووە، بە شێوەیەکی مەیدانی و لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە هاووڵاتییەکدا گیراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەغدا چوونەتە لقی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و زانیارییە شارستانییەکانی شەقامی رەشید. لەوێ توانراوە کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە سەلمێندراوی دەستگیر بکرێت، کە بڕی 1800 دۆلاری لە هاووڵاتییەک وەرگرتووە؛ ئەمەش لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئەرکە وەزیفییەکانی و راییکردنی کارێکی نایاسایی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە کە تایبەتە بە دۆسێیەکانی دەستپاکی، بڕیاری دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارەکەی داوە بەگوێرەی بڕیاری 160ـی ساڵی 1983ـی هەموارکراو.

 ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات وتەی تۆمەتبارەکە وەرگیرا و کۆنووسی فەرمی دەستگیرکردنەکەی ئاڕاستەی دادگا کرا بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.