عهرهبه هاوردهكان هێرشیان كردهسهر ئاوارهكانی سهرێكانی
عەرەبە هاوردەکانی سەرێکانی هێرشیان کردە سەر ئەو ئاوارە کوردانەی ئەمڕۆ گەڕانەوەی سەر زێدی خۆیان. هاوکات لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا، پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشکردنە سەر بەشێک لە ئاوارە گەڕاوەکانی یەکەم کاروانی سەرێکانی سەرکۆنە دەکات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق و ئیدارەی ئەمنیی شارەکە بە بەرپرسیار دەزانێت.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان گەیشتنەوە ناوچەی سەرێکانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییە گەڕاوەکان لە ناو شارەکەدا رووبەڕووی هێرش و دەستدرێژی بوونەتەوە.
لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی رایگەیاند، لە نزیکەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ دەرهاویشتەکانی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانە دەکەن کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی گەڕاوە ئەنجامدراون، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند کاتژمێری رابردوودا یەکەم کاروان گەیشتەوە سەر زێدی خۆی.
لیژنەکە بە فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیمەشق، لە نێویشیاندا تیمی سەرۆکایەتی سووریا، هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی سەرێکانی و ئیدارەی ناوچەکەی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لەم پێشێلکارییە ئەمنییە. ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنێکی روونی بەندەکانی "رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم"ە لە مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.
لیژنەکە داوای لە لایەنە ئەمنییەکان کرد کە دەستبەجێ کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و پاراستنی گیانی گەڕاوەکان بکەن، هاوکات بە خێراترین کات پشکنین بکەن بۆ دۆزینەوە، ملاحقەکردن و دەستگیرکردنی هێرشبەران.
لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی جەختی لەوە کردەوە، کە لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی هاووڵاتیانی گەڕاوە. راشیگەیاند، بە وردی دۆسیەی ئەم هێرشانە تاوتوێ دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایش و دڵنیایی بۆ سەرجەم ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی پێشووی خۆیان.
هاوکات لە شاری قامشلۆ خۆپێشاندانی هاووڵاتییان دژی هەڵسوکەوتەکانی عەرەبە هاوردەکان بەڕێوەچوو، لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە جوان عیسۆ، سەرۆکی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێ کانیێ رایگەیاند "گەڕانەوەی ئاوارەکان بە رەزامەندی ومۆڵەتی فەرمی حکوومەتی سووریا بووە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن عەرەبە هاوردەکان هێرشێکی دڕانە کراوەتە سەر ئاوارەکان، دەیانەوێت ئێمە بترسێنن و پێمان بڵین ئێوە هیچ مافێکتان نییە"
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، "دەگەڕێینەوە سەر زێد و خاکی خۆمان و دەستبەرداری نابین، ئەوە هێرشانەی ئەمڕۆ کراون، بە پلەی یەکەم حکوومەتی سووریا لێی بەرپرسیارە، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان لەسەر بنەمای ئەوە بووەم کە پێیان گوتین، بارودۆخ لەبار و گونجاوە و ودەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".
ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاوارەبوون زیاتر لە 14 هەزار خێزان بووە کە بە نزیکەی 85 هەزار کەس خەمڵێنراوە.