پاکستان ناوەڕۆکی رێککەوتننامەی بەرگریی مەککەی بۆ ئێران روونکردەوە
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، ئامانجە ستراتیژییەکانی رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککەی پێشکەش کردووە، کە پێش چەند رۆژێک لە نێوان پاکستان، تورکیا و سعوودیەدا واژۆکرا.
دووشەممە 10ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکد ئاماژەی داوە، محەممەد ئیسحاق دار جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدا. لەم پێوەندییەدا، لایەنەکان بیروڕایان سەبارەت بە دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕییەوە، بەتایبەتی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی پاکستان لایەنە سەرەکی و چوارچێوەی "رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککەی پێشکەش بە عێراقچی کرد، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نێوان پاکستان، سعوودیە و تورکیادا واژۆکرا.
وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە بەهێزکردنی هاوکاریی ستراتیژی و بەشداریکردنە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو وەزیرەکە لەسەر ئەوە هاوڕابوون پەیوەندیی نزیکی نێوانیان بەردەوام بن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەت و پرسە هاوبەشەکان کە جێگەی بایەخی هەردوولایە، بە بەردەوامی بمێنێتەوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، لە پێوەندییە تەلەفۆنەکەدا هەردوولا پرسی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان تاران و ئیسلام ئاباد و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەم گفتوگۆیەدا، دوایین بارودۆخی دوولایەنەکانی نێوان تاران و مەسقەتی بۆ هاوتا پاکستانییەکەی ڕوونکردەوە کە ئامانج لێی دیاریکردنی ڕێڕەوێکی گونجاو و پارێزراوە بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا، و جەختی لەسەر ئیرادە و بەردەوامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە بۆ چڕکردنەوەی ئەم پڕۆسە دیپلۆماسییە کاتییە.
پاکستان نێوەندگیری سەرەکی بوو لەو دانوستانانەی کە بوونە هۆی گەیشتن بە یادداشتی لێکگەیشتنی مانگی حوزەیرانی رابردوو لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەرچەندە ئەو لێک تێگەیشتنە تەمەنی کورت بوو و لایەنەکان گەڕانەوە سەر ململانێ سەربازییەکان، پێش ئەوەی جارێکی تر بچنەوە ناو قۆناخێکی نوێی هێورکردنەوە کە هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز.
شاری مەککە، رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، شایەتی واژۆکردنی "رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" بوو لە نێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستاندا، لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگری و چەسپاندنی سیستمی بەرپەرچدانەوەی بە کۆمەڵە، بە شێوەیەک کە پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات.
واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لە میانی لوتکەی مەککەی پیرۆز بۆ بەرگریی هاوبەش هات، کە شێخ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبوونەوە. سەرکردەکان پەیوەندییە نایابەکانی نێوان هەر سێ دەوڵەتەکەیان تاوتوێ کرد و باسیان لە چەندین پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی جێی بایەخی هاوبەش کرد.
رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش دەقێکی تێدایە کە دەڵێت: هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی ئەندام دادەنرێت، بەمەش بنەمای بەرپەرچدانەوەی بە کۆمەڵ بەهێز دەکرێت و پابەندبوونی هاوبەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەرییان بکاتە ئامانج دووپات دەکاتەوە.
هەروەها رێککەوتنەکە ئامانجی پەرەپێدانی لایەنە جیاوازەکانی هاوکاریی بەرگری و سەربازی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هەر سێ وڵاتەکەیە، بە جۆرێک ئاستی ئامادەیی و توانایان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان بەرز بکاتەوە.
ئەم رێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سعوودیە، تورکیا و پاکستان دێت بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی سیاسی و بەرگری، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و پشتیوانی لە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات لە ژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە خێراکاندا.