مەزڵووم عەبدی هێرشکردنە سەر ئاوارە گەڕاوەکانی سەرێکانی سەرکۆنە دەکات

داوای دانبەخۆداگرتن دەکات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکۆنەی دەستدرێژیکردنە سەر خێزانە کوردە ئاوارەبووەکان دەکات لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و ئارامی ناوچەکە بپارێزن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026،  مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند "ئێمە سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە کرایە سەر خێزانە کوردە ئاوارەبووەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی، کە پڕۆسەی گەڕانەوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سوریا ئەنجامدرابوو."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی دوای رووداوەکە کرد و گوتی "لە پەرچەکردارە تووڕەکانی شەقامی کوردی بەرامبەر بەم دەستدرێژییە تێدەگەین، بەڵام لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکەکەمان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و نەکێشرێنە ناو هیچ رەفتار و کارێکی نابەرپرسانە، هەروەها پارێزگاری لە دامودەزگا مەدەنی و ئەمنییەکانمان بکەن."

سەبارەت بە رێکارەکانی پاراستنی هاووڵاتییان و سزادانی تاوانباران، مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە "کارکردنمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مەدەنییە ئاوارەبووە گەڕاوەکان، لێپرسینەوەش لەگەڵ هەر کەسێک دەکرێت کە تێوەگلانی لەم دەستدرێژییانەدا بسەلمێنرێت، بە جۆرێک کە مافی سەرجەم لایەنەکان بپارێزرێت و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزرێت."

ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی، لەلایەن عەرەبە هاوردەکان هێرشێکی زۆر کرایە سەر خێزانە کوردەکان و پەلاماری ئۆتۆمبێلەکانیان درا، هەروەها بەهۆی هێرشەکانەوە لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری بەرامبەر بەو هێرشانە بەڕێوەچوو و کۆمیتەی ئاوارەکانیش داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کە هەڵوێستی جددیان هەبێت و بەرامبەر بەم هێرشانە بێدەنگ نەبن.