حکوومەتی عێراق بۆ یەکەمجار پڕۆژەی بودجەی بەرنامەکان جێبەجێ دەکات
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە بۆ یەکەمجار دەستیان بە ئامادەکردنی پرۆژەی بودجەی بەرنامە و ئەدا کردووە و رایگەیاند، هیچ هێڵێکی سووریش لە بەدواداچوونی گەندەڵکاراندا نییە.
دووشەممە 10ی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە راگەیەنەدراوێکدا ئاماژەی داوە، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان کرد، بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلان و سیاسەتە دارایی و ئابوورییەکان و رێکخستنی هاوئاهەنگیی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان لەسەر پرسە لەپێشینەکان.
زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی رۆڵی پەرلەمان و لیژنەی دارایی کردەوە لە پاڵپشتیکردنی بەرنامەی چاکسازیی حکوومەت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێمە میراتێکی قورسمان لە کێشە و دۆسیە ئاڵۆزەکان بۆ بەجێماوە کە بە دیدگایەکی روون کار لەسەر چارەسەرکردنیان دەکەین.
سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا دەستیان بە ئامادەکردنی پرۆژەی "بودجەی بەرنامە و ئەدا" کردووە، کە وەک نەخشەڕێگایەک دەبێت بۆ بەستنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت بە ئامانج و بەدەستهاتەکانەوە و کارامەیی بەکارهێنانی سامانی گشتی بەرز دەکاتەوە.
زەیدی دووپاتی کردەوە کە پرسی کارەبا لە قۆناخی داهاتوودا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت، و داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد کە ئەرکی چاودێریی خۆیان چالاک بکەن بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، و رایگەیاند: "هیچ هێڵێکی سوور لە بەدواداچوونی گەندەڵکاراندا نییە؛ ئامانجی ستراتیژیمان بنیاتنانی عێراقێکی ئابووریی نوێ، فەرمانگەی خاوێن لە گەندەڵی و دامەزراوەی ئەمنیی دەستوورییە."
سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد، ئێستا خواستی گەورە لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهانەوە هەیە بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا، و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانیش ئامادەییان نیشانداوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی وڵاتەکە. زەیدی راسپاردەی دا بە رێکخستنی خشتەیەکی کۆبوونەوە و میوانداریکردنی خولی لە نێوان حکوومەت و لیژنە پسپۆڕەکانی پەرلەماندا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە فەرمییەکان.
لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پشتیوانیی بێ مەرجی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت دووپات کردەوە و کۆمەڵێک پێشنیازیان پێشکەش کرد بۆ دەرکردنی یاسای پێویست بە ئامانجی چالاککردنی چالاکییە ئابوورییە نەوتی و نانەوتییەکان، پشتگیریکردنی پڕۆژە نەوتییەکان، پاراستنی ژینگەی وەبەرهێنان، راکێشانی کۆمپانیا کارامەکانی جیهان و رەخساندنی دەرفەتی کاری نوێ بۆ عێراقییەکان.
هاوکات هەر ئەمڕۆ دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربووە بە کوردستان24ی گوت: سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە و بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان".
دانەر بەعبولغەفار گوتیشی،" زەیدی گوتوویەتی هیچ کێشەیەک لە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نییە، هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە، نابێت جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا هەبێت، بەڵکو دەبێت لە ماف و شایستە داراییەکاندا یەکسان بن"، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، هەرێمی کوردستان هاوکارێکی باشی حکوومەتی عێراقە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".