ترەمپ: پێویستە ئێران قەرەبووی کەسوکاری خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی وڵاتەکەی بکاتەوە
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە داواکارییەکەی ئێران بۆ وەرگرتنی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ رایگەیاند، پێویستە تاران قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانە بکاتەوە کە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا بەهۆی چالاکییە چەکدارییەکانییەوە بەر ئەمریکا و هاووڵاتییانی مەدەنی کەوتووە.
دووشەممە 10ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاماژەی بەوە کرد، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە دەکەن کە لە ماوەی پێنج مانگی رابردووی ململانێ سەربازییەکەی نێوانیاندا پێیان گەیشتووە، لە کاتێکدا ئەم بابەتە لە چوارچێوەی هیچ کام لە دانوستان و کۆبوونەوەکانی پێشوودا باسی لێنەکراوە
ترەمپ ئەم داواکارییەی ئێرانی بە دەرفەتێک زانی بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی هاوشێوە دژ بە تاران و رایگەیاند: منیش بە هەمان شێوە داوای قەرەبوو لە ئێران دەکەم بۆ خوێنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەهۆی بۆمبە چێنراوەکان و ململانێ بەردەوامەکانی تارانەوە کوژراون یان بە سەختی بریندار بوون، بەتایبەت ئەو چالاکییانەی پێشتر دەکران.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە تاران قەرەبووی خانەوادەی قوربانیانی کەشتیی جەنگیی "USS Cole" و هەزاران سەربازی تری هاوشێوە بکاتەوە کە لە شەڕەکاندا گیانیان لەدەستداوە. هاوکات داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەو سەدان هەزار خۆپیشاندەرە بێتاوانەشی کرد کە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا لە ناوخۆی ئێراندا کوژراون، لەوانەش 52 هەزار کەس کە تەنیا لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە.
ترەمپ رایگەیاند، رێنمایی فەرمیی داوەتە نوێنەرانی ئەمریکا تاوەکو بە جددی و بە توندی ئەم مەرج و داواکارییانە بخەنە ناو ناوەڕۆکی سەرجەم گفتوگۆ و دانوستانەکانی داهاتووەوە لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی هەر جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێکدا لەگەڵ ئێران، تاران بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆ دابنرێت لە تێکڕای ئەو زیانە مادییانە و گیانلەدەستدانانەی بەسەر گەلانی لوبنان، سووریا، یەمەن و غەززەدا هاتوون.