حەیدەر عەبودی: رادەستکردنی چەکی گرووپەکان بەستراوەتەوە بە کشانەوەی ئەمریکا

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامە وەزارییەکەی لە ماوەی نزیکەی 90 رۆژدا، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم چەکەکان تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بن و لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی دەکشێنەوە.

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی فەرمیی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، راستگۆیانە جەخت کراوەتەوە کە پێویستە حکوومەت و سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بن و نابێت هیچ لایەنێکی دیکە پرسی چەک کۆنتڕۆڵ بکات.

عەبودی روونیکردەوە، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە دەکەونە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت، کە ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆیەکی قووڵ و گشتگیر هەیە. ئاماژەی بەوە دا، گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ حکوومەت لە لێکتێگەیشتنێکی بەرزدان و حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بکات و بە بەردەوامی بەدواداچوونی بۆ دەکات.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، گوتەبێژی حکوومەت جەختی کردەوە، ئەو وادەیەی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دیاریکراوە پێویستە جێبەجێ بکرێت، و سوپای ئەمریکا ئەرکەکانی رادەستی سوپای نیشتمانیی عێراق دەکاتەوە و لەو کاتەشدا چاوەڕێ دەکرێت تەواوی چەکەکانیان رادەست بکەن.

حەیدەر عەبودی رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامە وەزارییەکەی لە ماوەی نزیکەی 90 رۆژدا و گواستنەوەی بۆ سەر رێڕەوی جێبەجێکردنی روون کە گوزارشت لە لەپێشینەکانی ئەم قۆناخە بکات و وەڵامدەری پێداویستییەکانی دەوڵەت و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بێت.

عەبودی جەختی کردەوە، حکوومەت بە هەموو شێوازێک کار دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان مێژووییەکانی بەردەم دەوڵەت، دابینکردنی ئەرکە یاساییەکان، و بەهێزکردنی تواناکانی عێراق بۆ وەڵامدانەوەی گونجاو بەرامبەر بە بارودۆخە نائارامە ناوچەییەکان.