دانەر عەبدولغەفار: سەرۆک بارزانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی زەیدی دەستکراوە کردووە

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاندووە کە پشتگیریی تەواو لە پرۆسەی دژ بە گەندەڵی دەکەن و هیچ کەسێک پارێزبەندیی یاسایی نابێت، هاوکات راشیگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

دووشەممە، 10ی ئابی 2026، دانەر عەبدوڵغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی، میوانی بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاندووە، "وەک هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوازێک بە رێژەی 100% پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکەین؛ هیچ کەسێک چ لە کوردستان و چ لە عێراقدا لە هیچ لایەن و پارتێک بێت، پارێزبەندیی نییە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت." عەبدوڵغەفار ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بە پێزانین و گەشبینییەوە باسی لەم پێداگری و هاوکارییەی سەرۆک بارزانی کردووە.

عەبدوڵغەفار روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بە چڕی باس لە کێشە و قەیرانە ئابوورییەکان، ئاڵنگاری و رێکارەکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پرسی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی کراوە. وەک ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، داوایان کردووە, پێویستە تێکڕای کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور چارەسەر بکرێن و هەموو رێککەوتنەکانی پێشووی نێوان هەردوو حکوومەت جێبەجێ بکرێن.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە زاری سەرۆک وەزیران عەلی زەیدییەوە گواستییەوە کە لە پرسی مووچەدا هیچ جیاکارییەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا ناکرێت و تەنانەت زەیدی وەزارەتی دارایی راسپاردووە کە هیچ جیاکارییەک نەکرێت و ئەگەر هەر کێشەیەکی داراییش لە هەناردەدا هەبێت، بە لێبڕینەوە پشکی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت. لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری دارایی عێراق فەرمی رایگەیاندووە، رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن.

دانەر عەبدوڵغەفار جەختی لەوە کردەوە، لە کۆبوونەوە راشکاوەکەی ئەمڕۆیاندا، هیچ جۆرە گلەییەک لە هەرێمی کوردستان نەکراوە کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردبێت، بەڵکو لایەنی عێراقی بە گەشبینییەوە سەیری چارەسەرکردنی نزیکی کێشەکانیان کردووە و نییەتێکی زۆر جددی بۆ چارەسەری پرسەکان لە ئارادایە.

هەروەها ئاماژەی دا، لەسەر پرسی گەشەپێدانیش، زەیدی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە گەورەترین ئاڵنگاریی حکومەتەکەی داناوە و رایگەیاندووە دەیانەوێت "سندووقێکی گەشەپێدان" بە بەشداریی کارای وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا و دەوڵەتانی تر دروست بکەن بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەکانی عێراق.

لە هەمان کاتدا، لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندی دڵنیایی داوە کە بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست هیچ مەترسییەک لەسەر یەدەگی نەقدیی عێراق و بەهای دیناری عێراقی نییە، و حکوومەت پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی سێ پلانی سەرەکی ئەوانیش، دروستکردنی ئابوورییەکی نوێی پێشکەوتوو بۆ عێراق، بنبڕکردنی یەکجاریی گەندەڵی لە سەرجەم دامەزراوەکاندا و گەڕاندنەوەی سەرجەم چەکەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت لە چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییە دەستوورییەکاندا.