پڕۆژە یاسای چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا

پەرلەمانی تورکیا بە 468 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 88 دەنگی نەخێر، یەکەم پڕۆژەیاسای لێبووردنی سنوورداری بۆ چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەسەند کرد، کە رێگە بۆ ئازادکردنی نزیکەی 3,500 بەندکراو خۆش دەکات، هەرچەندە یاساکە دۆسیەی ئەبدوڵڵا ئۆجەلانی لاداوە.

دووشەممە، 10ـی ئابی 2026،  پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی یاسای چارەسەری پەسەند کرد؛ لە کۆی 600 پەرلەمانتار، 468ـیان دەنگیان پێ دا، 88 پەرلەمانتار دژی وەستانەوە و 6 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا. 

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە، 8ی ئاب، لیژنەی دادی پەرلەمان پڕۆژەیاساکەی پەسەند کردبوو و ئەمڕۆ رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا بۆ گفتوگۆ و دەنگدانی کۆتایی.

ئەم بڕیارە مێژووییە 18 مانگ دوای داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانی کراوی پەکەکە بۆ چەکدانانی هێزەکانی دێت. لە کاتێکدا یاساکە چارەنووسی ئۆجەلانی 77 ساڵانی دیاری نەکردووە. ئۆجەلان لە شوباتی 2025دا داوای مێژوویی لە چەکدارەکانی کردبوو بۆ چەکدانان و گرتنەبەری رێگەی دیموکراتی.

پڕۆژەیاساکە کە لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)ی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان و پارتی کوردیی دیموکراتی گەلان (DEM - دەم پارتی) پاڵپشتی دەکرا، پڕۆسەی سزادان و رێکاری یاسایی بۆ ماوەی 5 تا 10 ساڵ هەڵدەپەسێرێت. بەپێی گوتەی پەرلەمانتاران، چاوەڕێ دەکرێت لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی 3,500 بەندکراوی پەیوەندیدار بە پەکەکە ئازاد بکرێن، کە دەکاتە یەک لەسەر سێیی تێکڕای بەندکراوانی پەکەکە لە زیندانەکانی تورکیادا.

دەم پارتی رۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە دیپلۆماسیی نێوان ئۆجەلان و دامەزراوەی سیاسیی تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2024ەوە، و نوێنەرانی پارتەکە بە بەردەوامی سەردانی زیندانی ئیمراڵییان دەکرد بۆ گۆڕینەوەی پەیامەکان.

جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، جەودەت یەڵماز هەفتەی رابردوو بە کەناڵی CNN Turkـی راگەیاند، کەیسی ئۆجەلان "ناکەوێتە چوارچێوەی ئەم یاسایەوە،" بەڵام گوتی: ئەم سەرکردەیە لە پێگەیەکدایە کە دەتوانێت بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات.

ئەم پڕۆژەیاسایە لە 12 بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە و پێشتر واژۆی 360 پەرلەمانتاری لەسەر بووە. لە ناوەرۆکدا، رێکارەکانی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو تاوانە ئەمنییانە دیاری دەکات کە پەیوەستن بە چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە).

جێبەجێکردنی ئەم یاسایەش بە مەرجێکی بنەڕەتی بەستراوەتەوە، ئەویش بڵاوکردنەوەی بڕیاری فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیایە لە رۆژنامەی فەرمیدا (Resmi Gazete) سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی رێکخراوەکە، و دوای بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەش تەنیا شەش مانگ دەرفەت بۆ سوودمەندبوون لەم یاسایە دەدرێت.

ئامادەکارییە یاساییەکان و سزاکان

بەپێی بەندەکانی یاساکە، رێوشوێنەکان بەم شێوازە جێبەجێ دەکرێن:

- سزای ئەو کەسانەی حوکمەکانیان کەمتر لە 15 ساڵ زیندانییە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوادەخرێت.

- ئەوانەش کە سزاکانیان لە 15 ساڵ زیاترە، بۆ ماوەی دە ساڵ سزاکانیان رادەگیرێت، بەو مەرجەی لەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی تری هاوپێوەند بە تیرۆر ئەنجام نەدەن.

- سوودمەندبووانی ئەم یاسایە بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ لە مافی کارکردنی سیاسی و حزبی بێبەش دەکرێن.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگ و هەستیارەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک سەرکردایەتیی پلە یەکی پەکەکە، و ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستدا هەبووە، یان ئەو تاوانانەی پێش ساڵی 2005 ئەنجامدراون و سزای زیندانیی هەتاهەتاییان لەسەرە، ناگرێتەوە.

بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیەش، لیژنەیەکی باڵای دەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا و کۆمیسیۆنێکی تایبەتی چاودێری لە ناو پەرلەماندا پێکدەهێنرێت تاوەکو چاودێریی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکان بکەن.