داوا دەکرێت مافی کورد لە تورکیا بە یاسایی بناسێندرێت
نووسەری ناوداری کورد و براوەی خەڵاتی جیهانی، بورهان سۆنمەز لە کتێبخانەی "میدیا" لە شاری ئیستەنبوڵ لەگەڵ کۆمەڵێک لە خوێنەران و ئەدەبیان کۆبووەوە.
بورهان سۆنمێز جگە لەوەی وەک ئەدیب و نووسەرێکی دیاری سەر ئاستی جیهان دەناسرێت، هاوکات چالاکوانی مافی مرۆڤ و سیاسەتمەدارێکی پێشووە و بەردەوام پەیام لەسەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە. دیداری ئەم دواییەی لە ئیستەنبوڵ هاوکات بوو لەگەڵ تاوتوێکردنی یاسای پڕۆسەی ئاشتی لە پەرلەماندا، کە تێیدا سۆنمەز چەندین سەرنج و ڕەخنەی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە خستەڕوو.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، خوێنەران بە گەرمی پێشوازییان لە سەرۆکی پێنی نێودەوڵەتی کرد و پرسیارەکانیان سەبارەت بە ژیانی ئەدەبی و بەرهەمەکانی ئاراستە کرد. لە کاتی ئیمزاکردنی کتێبەکاندا، سەرباری گەرمای کەشوهەوا و راوەستانیان بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک لەسەر پێ، خوێنەران بە پەرۆش و ئارامییەکی زۆرەوە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد.
بورهان سۆنمێز بە کوردستان24ـی راگەیاند: چارەسەری پرسی کورد پێدانی مافەکانیتی، پێویستە زمان و ناسنامەی کورد بێتە ناساندن و دانیپێبنرێت، پێویستە سەرجەم لایەنە کوردییەکان رۆڵیان هەبێت لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدا و هەروەها هونەرمەندان و تەواوی کەسانی دیکەی کاریگەر دەبێت رۆڵیان هەبێت.
بورهان سۆنمەز نووسەرێکی کوردە و لە شارۆچکەی (هایمانا) لەدایکبووە، تاوەکو ئێستا خاوەنی ژمارەیەک رۆمانە کە دووانیان بە زمانی کوردی نووسراون. بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە 48 زمانی جیاوازی جیهان وەرگێڕدراون.
لە ساڵی 2021دا بە سەرۆکی ڕێکخراوی پێنی نێودەوڵەتی (PEN International) هەڵبژێردرا و تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی جیهانیی پێبەخشراوە.