چوارچێوەی هەماهەنگی تا شەممە مۆڵەتی بە لایەنەکان دا بۆ پێشکەشکردنی کاندیدەکانیان

چوارچێوەی هەماهەنگیی بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی لە بەغدا ئەنجام دا و تێیدا بڕیاردرا لایەنە سیاسییەکان تا رۆژی شەممە کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن تاوەکو هەفتەی داهاتوو کابینەی حکومەت بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنرێت.

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگیی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی لە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی گشتی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆ لە کایە جیاجیاکانی حکومی، یاسادانان، خزمەتگوزاری، ئاسایشی ناوخۆ و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کرا.

هاوکات، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد و تێیدا جەختی کردەوە کە تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی زۆر نزیک بووەتەوە.

موشریق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەی چوارچێوەی هەماهەنگییدا، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەبارەی دەستنیشانکردنی چوار جێگر بۆ سەرۆک وەزیران نەکراوە، بەڵام کار بۆ ئەوە دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا کابینەی حکوومەت بە تەواو ببێت. فرێجی ئاشکراشی کرد دەبێت سەرجەم پارتە سیاسییەکان تا رۆژی شەممە کاندیدەکانی خۆیان پێشکەشی سەرۆک وەزیران بکەن.

شایەنی باسە، چوارچێوەی هەماهەنگیی لە تێکڕای رۆژانی دووشەممەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی خولیی هەفتانەی خۆی رێکدەخات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی کۆماری عێراق.