کۆبانێ.. قەدەخەی کاتیی هاتوچۆ راگەیەندرا

فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەلەب رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی و دابینکردنی سەقامگیری، قەدەخەی کاتیی دەرچوون و هاتووچۆ لە شاری کۆبانێ جێبەجێ دەکرێت.

سێشەممە 11ی ئابی 2026، فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەلەب راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا بڕیاری قەدەخەکردنی کاتیی هاتووچۆ و دەرچوون لە شاری کۆبانێ راگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و دابینکردنی ئارامیی گشتی بۆ هاووڵاتیان.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، ئەم بڕیارە تاوەکو بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکی دیکە لە بواری جێبەجێکردندا دەمێنێتەوە.

هاوکات، فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی شاری کۆبانێ کرد کە پابەندی رێنماییە فەرمییەکان بن و هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بکەن تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە پشێوییەک بکرێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان گەیشتنەوە ناوچەی سەرێکانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییە گەڕاوەکان لە ناو شارەکەدا رووبەڕووی هێرش و دەستدرێژی بوونەتەوە.

لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی رایگەیاندبوو، لە نزیکەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ دەرهاویشتەکانی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانە دەکەن کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی گەڕاوە ئەنجامدراون، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند کاتژمێری رابردوودا یەکەم کاروان گەیشتەوە سەر زێدی خۆی.

لیژنەکە بە فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیمەشق، لە نێویشیاندا تیمی سەرۆکایەتی سووریا، هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی سەرێکانی و ئیدارەی ناوچەکەی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لەم پێشێلکارییە ئەمنییە. ئاماژەی بەوەش دابوو، کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنێکی روونی بەندەکانی "رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم"ە لە مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.

لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی جەختی لەوە کردبووروە، کە لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی هاووڵاتیانی گەڕاوە. ڕاشیگەیاند، بە وردی دۆسیەی ئەم هێرشانە تاوتوێ دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایش و دڵنیایی بۆ سەرجەم ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی پێشووی خۆیان.

هاوکات لە شاری قامشلۆ خۆپێشاندانی هاووڵاتییان دژی هەڵسوکەوتەکانی عەرەبە هاوردەکان بەڕێوەچوو، لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە جوان عیسۆ، سەرۆکی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێ کانیێ رایگەیاندبوو "گەڕانەوەی ئاوارەکان بە رەزامەندی ومۆڵەتی فەرمی حکوومەتی سووریا بووە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن عەرەبە هاوردەکان هێرشێکی دڕانە کراوەتە سەر ئاوارەکان، دەیانەوێت ئێمە بترسێنن و پێمان بڵین ئێوە هیچ مافێکتان نییە"

هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو، "دەگەڕێینەوە سەر زێد و خاکی خۆمان و دەستبەرداری نابین، ئەوە هێرشانەی ئەمڕۆ کراون، بە پلەی یەکەم حکوومەتی سووریا لێی بەرپرسیارە، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان لەسەر بنەمای ئەوە بووەم کە پێیان گوتین، بارودۆخ لەبار و گونجاوە و ودەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".

ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاوارەبوون زیاتر لە 14 هەزار خێزان بووە کە بە نزیکەی 85 هەزار کەس خەمڵێنراوە.