سیامەند عەفرینی: گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی بەشێوەی کاتی راگیراوە

وێنە ئەرشیف؛ سیامەند عەفرینی، جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە
وێنە ئەرشیف؛ سیامەند عەفرینی، جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە

جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە بە توندی سەرکۆنەی هێرش و کارە تێکدەرانەکانی دژی ئەو ئاوارانە کرد کە دوای هەشت ساڵ لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە بۆ شاری سەرێ کانی، و راشیگەیاند بۆ پاراستنی گیانی گەڕاوەکان بە کاتی سەرجەم گەشتە فەرمییەکانی گەڕانەوەیان راگرتووە.

مەحموود خەلیل عەلی (ناسراو بە سیامەند عەفرینی)، جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەوان بە توندی سەرکۆنەی سەرجەم ئەو هێرش و سەرکێشییە تێکدەرانە دەکەن کە هاووڵاتیانی گەڕاوە بۆ شاری سەرێ کانییان کردووەتە ئامانج پاش تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بە سەر ئاوارەیی و دوورکەوتنەوە لە ماڵەکانیان.

سیامەند عەفرینی رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە تاکەکەسی و رەتکراوانە تەنیا ئامانجیان تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، رێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتووان، و پەکخستنی هەوڵەکانی پێکهێنانی تێکەڵبوونەوەی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەیە."

جێگری فەرماندەی ئاسایش ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ ئەم رووداوانە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیان بە رێکارە ئەمنی و یاساییەکان کردووە و هێزەکانی ئاسایش توانیویانە چەندین تۆمەتباری تێوەگلاو لەم دۆسیەیەدا دەستگیر بکەن، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی پشکنین و لێکۆڵینەوە دژی تێکدەرانی تریش بەردەوامە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ یاسادا.

ئاماژە بەوەش دا، کە ئاسایش لێبووردەیی لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات کە بییەوێت ئەم دۆخەی ئێستا بۆ نانەوەی پشێوی بەکار بهێنێت و رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان، گەشتەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شاری سەرێکانی بە شێوەیەکی کاتی وەک رێکارێکی خۆپارێزی راگیراون، و پاش دڵنیابوونەوەی تەواو لە جێگیربوونی بارودۆخەکە و دابینکردنی گەرەنتی پاراستنی تەواوەتی بۆ گەڕاوەکان، گەشتەکان سەرلەنوێ دەستپێدەکەنەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان گەیشتنەوە ناوچەی سەرێکانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییە گەڕاوەکان لە ناو شارەکەدا رووبەڕووی هێرش و دەستدرێژی بوونەتەوە.

لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی رایگەیاندبوو، لە نزیکەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ دەرهاویشتەکانی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانە دەکەن کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی گەڕاوە ئەنجامدراون، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند کاتژمێری رابردوودا یەکەم کاروان گەیشتەوە سەر زێدی خۆی.

لیژنەکە بە فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیمەشق، لە نێویشیاندا تیمی سەرۆکایەتی سووریا، هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی سەرێکانی و ئیدارەی ناوچەکەی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لەم پێشێلکارییە ئەمنییە. ئاماژەی بەوەش دابوو، کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنێکی روونی بەندەکانی "رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم"ە لە مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.

لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی جەختی لەوە کردبووروە، کە لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی هاووڵاتیانی گەڕاوە. ڕاشیگەیاند، بە وردی دۆسیەی ئەم هێرشانە تاوتوێ دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایش و دڵنیایی بۆ سەرجەم ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی پێشووی خۆیان.

هاوکات لە شاری قامشلۆ خۆپێشاندانی هاووڵاتییان دژی هەڵسوکەوتەکانی عەرەبە هاوردەکان بەڕێوەچوو، لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە جوان عیسۆ، سەرۆکی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێ کانیێ رایگەیاندبوو "گەڕانەوەی ئاوارەکان بە رەزامەندی ومۆڵەتی فەرمی حکوومەتی سووریا بووە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن عەرەبە هاوردەکان هێرشێکی دڕانە کراوەتە سەر ئاوارەکان، دەیانەوێت ئێمە بترسێنن و پێمان بڵین ئێوە هیچ مافێکتان نییە"

هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو، "دەگەڕێینەوە سەر زێد و خاکی خۆمان و دەستبەرداری نابین، ئەوە هێرشانەی ئەمڕۆ کراون، بە پلەی یەکەم حکوومەتی سووریا لێی بەرپرسیارە، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان لەسەر بنەمای ئەوە بووەم کە پێیان گوتین، بارودۆخ لەبار و گونجاوە و ودەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".

ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاوارەبوون زیاتر لە 14 هەزار خێزان بووە کە بە نزیکەی 85 هەزار کەس خەمڵێنراوە.