مەسرور بارزانی بۆ جەزیرە: نەبوونی یاسای نەوت و گاز رێگرە لە چارەسەربوونی بنەڕەتیی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، سەرنجی خستە سەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دەستوور و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ چاکسازی و فرەچەشنکردنی ئابووری.

جەزیرە: خۆشحاڵین بە ئامادەبوونت لە بەرنامەی (المقابلة)... کە ئەم دەرفەتەت پێداین بۆ قسەکردن لەسەر هەرێمی کوردستان و ئەو تەحەددییە گەورانەی دەوری هەرێمەکەیان داوە. جەنابت لە کوردستان لەدایکبوویت، بەڵام لە دەرەوەی وڵات گەورە بوویت؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، من لە کوردستان لەدایک بووم لە ساڵی 1969، لە ناوچەیەکی شاخاوی بە ناوی دیلمان لە پارێزگای هەولێر.

 

جەزیرە: ساڵی 1969؟ ... پاشان چوویتە ئێران؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، دواتر لە ساڵی 1975دا [چووینە ئێران].

 

جەزیرە: چەند ساڵ لە ئێران ژیایت؟

مەسرور بارزانی: نزیکەی تا ساڵی 1991 [لە ئێران ژیاین].

 

جەزیرە: ماوەیەکی درێژە... کەواتە زمانی فارسی بە باشی دەزانیت؟ لە تاران ژیایت؟

مەسرور بارزانی: بەڵی دەزانم؛ نەخێر، سەرەتا لە کەرەج بووین و دواتر هاتین بۆ ورمێ، بۆ ناوچەیەکی کوردی بە ناوی سلیڤانا، ئێمە لە سلیڤانا ژیاین.

 

جەزیرە: پاشان بۆ خوێندن چوویتە دەرەوەی وڵات؟

مەسرور بارزانی: دواتر لە سەردەمی راپەڕیندا گەڕاینەوە بۆ عێراق، بۆ کوردستان، و پاشان من چووم بۆ ئەمریکا و لە ساڵی 1998 دا گەڕامەوە.

 

جەزیرە: ئەم نەوەیەی ئێستا، نەوەی سێیەمە کە لە بنەماڵەی بارزانی فەرمانڕەوایی کوردستان دەکات؟ ئایا جیاوازیی گەورە هەیە؟

مەسرور بارزانی: وەڵا نازانم... جیاوازییەکانی نێوان قۆناخەکانی پێشوو و ئێستا؟ بێگومان [جیاوازی هەیە].

 

جەزیرە: بارودۆخەکە... جیاوازیی نێوان قۆناخەکانی پێشوو و ئێستا؟ بێگومان نەوەی یەکەم نەوەی شەڕ و ململانێکان بوو، ئایا دەتوانین بڵێین ئێستا نەوەی ئاوەدانکردنەوەیە؟

مەسرور بارزانی: وەڵڵا هەوڵ دەدەین.

 

جەزیرە: ئایا هەست دەکەن... هەرێمەکە دەستی کردووە بە هەناسەدان؟ کەمێک ئارامی و سەقامگیری دەستی پێکردووە؟

مەسرور بارزانی:  بەڵێ، بێگومان. ئێستا دۆخەکە باشترە، بەڵام وەک دەبینیت کێشەش هەن.

 

جەزیرە:  دەڵێن کورد جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی تری نییە؟

مەسرور بارزانی:  ئینشاڵڵا ئێمە... دۆستمان هەیە. ئێمە دۆستی هەموو خەڵکانی ناوچەکەین و لەگەڵ هەموو گەلانداین.

 

جەزیرە:  ئایا ئەوان دۆستی ئێوەن؟

مەسرور بارزانی:  ئەم بابەتە کەمێک... کێشەیە، نازانم، وەڵڵا ئینشاڵڵا وا بێت.

 

جەزیرە:  واتە یەکێک لە تەحەددییەکان، تەحەددییەکانی نەتەوەی کوردە؛ کە نزیکە ببێتە تاقە نەتەوە لە جیهاندا کە نیشتمانێکی نەتەوەیی سەربەخۆی نەبێت. ئێمە باسی نزیکەی 50 ملیۆن کورد دەکەین کە دابەشبوون بەسەر ئێران، تورکیا...

مەسرور بارزانی:  ئامارێکی ورد نییە، بەڵام لەوانەیە لە دەوروبەری 50 ملیۆن بێت. هەروەها لە ئەوروپا و لە ناوچەکانی دیکەش هەن.

 

جەزیرە: خۆشحاڵین بە ئامادەبوونت جەنابی سەرۆکوەزیران. چەندین پرسی سیاسی هەن کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، پەیوەستن بەو شەڕەی کە لە ئارادایە، پەیوەستن بە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانتان، دەمانەوێت لەگەڵتان باسیان بکەین، بەخێر بێن.

مەسرور بارزانی:  سوپاس.

جەزیرە:  مەلەفی شەڕەکە گەرمترین مەلەفی ئەمڕۆیە، ئێوە چۆن تەماشای ئەم شەڕە و دەرئەنجامەکانی دەکەن و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چییە بەرامبەر بەم شەڕە؟

مەسرور بارزانی:  هەڵوێستی ئێمە لە یەکەم رۆژەوە زۆر روون بووە، کە ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لە هیچ ململانێ یان شەڕێک لە ناوچەکەدا. بێگومان، ئێمە نەبووین کە ئەم شەڕەمان دەستپێکردووە، و تەواوی ئەوەی کە دەمانەوێت پاراستنی هەرێمی کوردستانە و دوورخستنەوەیەتی لە هەر ململانێیەک. ئێمە هەمیشە چارەسەری ئاشتیانەمان بۆ هەر کێشەیەک پێ باشترە، و بڕوامان وایە کە هەر شەڕێک لە کۆتاییدا بە رێککەوتنی ئاشتی کۆتایی دێت، بەڵام دوای بەفیڕۆدانی کاتێکی زۆر، سەرچاوەیەکی زۆر، و لەدەستدانی چەندین ژیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لە کۆتاییدا. کەواتە، ئێمە پێمان باشترە چارەسەرێکی ئاشتیانە ببینین کە رێز لە بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەک بگرێت و رەچاویان بکات. هەروەها سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هیوادارین هەموو لایەنەکان رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن.

 

جەزیرە:  بە بڕوای تۆ ئایا هەوڵ هەبووە بۆ راکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەم شەڕە، یان بۆ ئەوەی بە شێوازێک لە شێوازەکان ببێتە بەشێک لێی؟

مەسرور بارزانی:  رەنگە هەوڵ هەبووبێت، بەڵام هەڵوێستی ئێمە لە یەکەم رۆژەوە روون بووە. ئێمە نامانەوێت رابکێشرێینە ناو شەڕێکەوە کە نامانەوێت ببینە بەشێک لێی.

 

جەزیرە:  ئەو هەوڵانە چی بوون کە بۆ هاندانتان بۆ بەشداریکردن لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دەدران؟

مەسرور بارزانی:  نەخێر، هیچ فشارێک نەبووە. با زۆر روون بم: هیچ لایەنێک فشاری لێ نەکردووین بۆ ئەوەی ببینە بەشێک لە هیچ شەڕێک. بێگومان، ئێمە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمان هەیە، و ئەوانە لە پێش هەموو شتێکی ترەوەن. ئێمە رێز لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان دەگرین، بەڵام نامانەوێت ببینە لایەنێک لە شەڕێکی نوێدا.

 

جەزیرە:  وەکو سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بەڕێز مەسرور بارزانی، دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕە تا ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

مەسرور بارزانی:  ئەم شەڕە وێرانکەرە. وەک دەزانن، ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا هەیە، و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری دروستکردووە، نەک تەنیا لە ناوچەکەدا بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش. ناوچەکە لە دۆخێکی نادیاریدا دەژی چونکە نازانین ئەم شەڕە چۆن کۆتایی دێت. بۆیە دڵەڕاوکێ لێرە لە هەرێمی کوردستان باڵدەکێشێت، وەک چۆن لە زۆر شوێنی دیکەش هەیە، و هەموو هیوادارین ئەم شەڕە لە زووترین کاتدا کۆتایی بێت.

 

جەزیرە:  واتە ئێوە هیوادارن لە دەرەوەی شەڕەکە بن، بەڵام پێگەی جوگرافیی و سیاسیتان وەک بڵێی ناچارتان دەکات یان پەلکێشتان دەکات بۆ ناو ئەم شەڕە. لە لایەکەوە گروووپە چەکدارە عێراقییە ناحكومییەکان هەرێم دەکەنە ئامانج، ئێران خۆیشی ناوچەکانی هەرێم دەکاتە ئامانج، هەروەها پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانیش رۆڵیان هەیە بەرامبەر بە ئێران و لە بەرامبەردا کاردانەوە هەیە. وەک بڵێی بارودۆخەکە رێگەتان پێنادات لەم شەڕە دوور بکەونەوە؟

مەسرور بارزانی:  سەبارەت بەو ئۆپۆزسیۆنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوان لە پێش ساڵی 1991ـەوە لێرە بوون، تەنانەت لە قۆناخی پێشتریشدا وەک پەنابەر هاتوونەتە عێراق. کەواتە، ئێمە ئەم کێشەیەمان بۆ ماوەتەوە و ئێمە دروستمان نەکردووە. زۆربەیان خێزانیان هەیە، و ژمارەیەکی زۆریان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا بڵاوەیان پێکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان داوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەمووان رێز لە سیاسەتی فەرمی هەرێمەکەمان و حکوومەتەکەمان بگرن، و نەبنە لایەنێک لە هیچ کێشەیەکدا، و هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی هیچ کام لە دراوسێکانمان دروست نەکەن.

سەبارەت بە بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە ئەوە پێشتر روویداوە. هەرێم تا ئێستا رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە، جا چ راستەوخۆ لە ئێرانەوە بێت یان لە ناوخۆی عێراقەوە لەلایەن هەندێک میلیشیاوە. بەداخەوە، ئێمە پێمان وایە ئەمانە هێرشی ناڕەوان دژی کوردستان، و زیانی گیانیمان بەرکەوتووە، هەندێک لە هاووڵاتیانمان لەدەستداوە، و بەشە سەرەکییەکانی ژێرخانی ئابووریمان بە سەختی زیانیان پێگەیشتووە. بێگومان، ئێمە ئیدانەی ئەم هێرشانەمان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و بەردەوامیشین لە ئیدانەکردنیان، چونکە هەرێم نایەوێت ببێتە لایەنێک لەم ململانێیەدا، و نە وەک هەڕەشەیەکیش بۆ سەر ئاسایشی هیچ لایەنێک سەیر بکرێت.

 

جەزیرە:  ئەو هۆکارە راگەیەندراوانە چین بۆ بەئامانجگرتنی هەرێم بەو ژمارە زۆرە لە هێرش، کە زیاتر لە هەزار هێرشە؟

مەسرور بارزانی:  ئەوان زۆر راشکاو بوون سەبارەت بە هۆکارەکان. یەکێکیان بڕوای ئەوانەیە کە هەرێمی کوردستان، وەک باقی ناوچەکانی عێراق، میوانداری هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات، کە ئەو هێزانە بە داوەتی حکوومەتی عێراق هاتوونەتە عێراق، و ئەرکیان شەڕکردن بوو دژی داعش و تیرۆر، و هەر لەبەر ئەوەش مانەوە. وەک هەمووشمان دەزانین، ئەم ئەرکە تا کۆتایی مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت، و دواتر ئەو هێزانە دەڕۆن. بۆیە، بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە پشتیان پێدەبەست، کە پێم وایە بڕیارێکی زۆر خراپ بوو لە لایەن هەر کەسێکەوە کە سەیری ئەم هێزانەی هاوپەیمانان دەکات، کە بۆ یارمەتیدانی گەلی عێراق هاتوون، وەک کێشەیەک و پاشان وەک پاساوێک دەپێکن. بوونی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە هەرێمدا لە لایەن هەندێکەوە وەک هۆکارێکی دیکە سەیر دەکرێت بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانیان دژی ئێمە.

بەڵام بەداخەوە، ئەم هێرشانە تەنیا بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو نەبوون، بەڵکو ناوچە جیاجیاکانی تەواوی هەرێمیان گرتەوە، و بوونە هۆی کەوتنەوەی قوربانی، تەنانەت هاووڵاتیانی مەدەنی بەرزترین باجیان دا، و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری هەرێم هەبوو. بەڵام وەک گوتم، هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لەم شەڕەدا، و ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەرێمەکە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی هیچ لایەنێک دروست ناکات، جا چ لایەنی ململانێکە بن، یان هێزە هەرێمییەکان، یان وڵاتانی دراوسێ. بۆ ئەوەی لەگەڵتدا راستگۆ بم، من دەبینم کە ئەمانە تەنیا پاساوی لاوازن بۆ بەئامانجگرتنی هەرێم و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پاساویان بۆ بهێنرێتەوە.

 

جەزیرە:  ئایا هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام نادرێن؟ قسە لەسەر بنکەی ئاسمانیی هەریر دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستانە، بەپێی تۆمەتەکانی ئێران رەنگە کوردستان بووبێتە شوێنی هێرشکردنە سەر ئێران، و هەر بۆیە دەکرێتە ئامانج؟

مەسرور بارزانی:  ئەمە راست نییە. پێش هەموو شتێک، بنکەی ئاسمانیی هەریر ماوەی دە ساڵە چۆڵە. سەرەتا لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە شەڕی دژی داعشدا بەکارهات، و شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2017دا  کۆتایی هات. بنکەی هەریر چۆڵە. هەموو ئەم هێرشانە بنکەیەکی چۆڵیان بەئامانگرتووە. هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە هەریردانییە، و هیچ هێزێکی سەربازی تر بە هیچ شێوەیەک لەوێ نییە. بێگومان، ئێمە بوونی ئەمریکامان لە هەولێر هەبوو، و ئەم بوونەش چەندین جار کراوەتە ئامانج. بەڵام وەک دەزانن، ئەرکی ئەو ئەمریکیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن تەنیا سنووردار بوو بە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی عێراقییەکان، لەوانەش خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان.

 

جەزیرە:  قەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان چەندە؟

مەسرور بارزانی:  ئێستا هیچ بوونێکی ئەمریکی بەو شێوەیە نییە. وەک دەزانن، ئەو هێزانە پێشتر رۆیشتوون. بۆیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەرکەکەی کۆتایی پێدەهێنێت بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان خۆی و حکوومەتی فیدراڵیدا واژۆ کراوە.

 

جەزیرە:  تۆمەتەکانی ئێران سەبارەت بە چالاکیی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران کە هەرێم یان سنوورەکانی هەرێمیان کردووە بە بنکەی خۆیان، ئاماژەت بەوە کرد کە پەیوەندیی خێزانی و نیشتەجێبوون هەیە، ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەکەن؟

مەسرور بارزانی:  ئێمە پێمان وایە کە هەر پرسێکی کوردی لە هەر وڵاتێکدا دەبێت بە رێگای ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، و باشترین رێگا بۆ ئەوەش گفتوگۆیە. ئەگەر ناکۆکی یان ململانێ لەگەڵ فراکسیۆنەکان یان قەوارە سیاسییەکاندا هەبێت، یان وەک لەم حاڵەتەدا لەگەڵ کوردانی ئێراندا، پێمان وایە باشترین رێگا کردنەوەی دەرگای گفتوگۆیە لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا. ئێمە ئەوە وەک باشترین رێگا دەبینین بۆ پێشوەچوون. بێگومان، هیچ کەس ناتوانێت بوونی کورد ئینکار بکات. کورد بەشێکی سەرەکییە لە وڵاتانی ناوچەکە کە تێیدا دەژین و پێوەی بەستراونەتەوە. بەڵام لەم حاڵەتە تایبەتەدا، پێمان وایە قەبارەی ئەو هەڕەشەیەی کە وێنا کراوە، یان ئەو شێوازەی کە کورد بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران نیشان دراوە، تا رادەیەکی زۆر گەورە کراوەتەوە. کورد ئەو کاریگەرییە گەورەیەیان نەبووە، و هیچ نیەتێکی راستەقینەشیان نەبووە بۆ یاریکردنی رۆڵێک کە دۆخەکە خراپتر بکات. لە بنەڕەتدا، هەمووان هەوڵدەدەن خۆیان بپارێزن. و ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی سنوورەکانمان و سەقامگیرییان، و بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خاکی هەرێم لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ زیانگەیاندن بە هیچ کام لە دراوسێکانمان بەکارناهێنرێت.

 

جەزیرە:  بەڵام جەنابی سەرۆکوەزیران، وەک دەزانیت لە سەرەتای ململانێکاندا قسەیەکی زۆری ئەمریکی و ئیسرائیلی هەبوو لەسەر رۆڵی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران بۆ رووخاندنی رژێم، پاشان تاران تووڕە بوو و بێگومان چەکدار کران، دەوترێت ئەوان بەشدارییان نەکرد بەڵکو دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرت کە پێیان درابوو، واتە لە سەرەتادا گرەو لەسەر کوردی ئێران دەکرا؟

مەسرور بارزانی:  هەر کەسێک مافی خۆیەتی هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆی پێشکەش بکات، و تێڕوانین یان هیوای هەبێت سەبارەت بە دەرئەنجامی هەر رووداوێک. بەڵام سەبارەت بەم شەرە، بە تەواوی روونی و راشکاوی دەیڵێم: ئێمە لایەنێک نەبووین تێیدا، و نابینە لایەنێکیش تێیدا.

 

جەزیرە:  پرسی ئیسرائیل و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان لە جیهانی عەرەبیدا تەمومژاوییە، قسە لەسەر پەیوەندیی گەورە و گرنگ و نهێنی دەکرێت، بەڕێز مەسرور بارزانی چۆن تەماشای پرسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئیسرائیل دەکات؟

مەسرور بارزانی:  کوردستان بەشێکە لە عێراق، و سیاسەتێکی دەرەکی سەربەخۆ پێڕەو ناکات. کەواتە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی دەرەکی دەوڵەتی عێراق، و بەپێی ئەو رێچکەیەی کار دەکەین کە حکوومەتی فیدراڵی پێڕەوی دەکات.

 

جەزیرە:  کەواتە هیچ پەیوەندییەکی کوردی-ئیسرائیلی یان پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ ئیسرائیل نییە؟

مەسرور بارزانی:  وەک ئۆماژەم پێدا، ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە. پەیوەندییە فەرمییەکان و پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵیدان، نەک لە دەسەڵاتی ئێمەدا.

 

جەزیرە:  ئێستاش بەڕێز مەسرور بارزانی، جەنابت سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیت و بەشێکن لە عێراقی فیدراڵیی گەورە. کێشەیەک هەیە سەبارەت بە عێراق و هەڵوێستی بەرامبەر بە شەڕەکە، دراوسێکان دەستیان کردووە بە ئازارچشتن بەهۆی چالاکیی میلیشیاکان بە تایبەت حەشدی شەعبی و هەندێک گروووپی ناحکوومی کە وڵاتانی دراوسێ تۆپباران دەکەن، کوێت و سعودیە و تەنانەت خودی عێراق و کوردستانیشیان کردە ئامانج. وادیار نییە عێراق بتوانێت کۆنترۆڵی ئەم بابەتە بکات، ئێوە چۆن تەماشای ئەمە دەکەن؟

مەسرور بارزانی:  ئێمە سیاسەتی فەرمی حکوومەتی فیدراڵی دەگرینەبەر، بەتایبەتی هەڵوێستی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هیچ گرووپێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا چەک هەڵبگرێت یان دەسەڵاتی هەبێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق یان ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکات. کەواتە، هەندێک لەو چالاکییانەی لەلایەن هەندێک لەم گروووپانەوە ئەنجام دەدرێن، زیان بە عێراق دەگەیەنن پێش ئەوەی زیان بە دراوسێکانی بگەیەنن.

بینیمان چۆن زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە کە لەلایەن ئەو گرووپانەوە دەستیان پێکردبوو، چ بە مووشەک بێت یان بە درۆن. بەداخەوە، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش درێژبوونەوە. لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، ژێرخانی ئابووریمان، ئامانجە مەدەنییەکانمان، و تەنانەت بنکەکانمان رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام بوونەتەوە. و ئەمەش شتێکە کە دەبێت رابگیرێت. ئێمە بە تەواوی پشتگیری سەرۆکوەزیران دەکەین لە هەوڵەکانیدا بۆ ناچارکردنی هەمووان بە پابەندبوون بە سەروەری یاسا، و دڵنیابوون لەوەی کە هیچ لایەنێک لە دەرەوەی هێزە رێکخراوەکانی دەوڵەت توانای هەڕەشەکردنی لەسەر ئاسایشی عێراقییەکان یان ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەبێت.

 

جەزیرە:  ئایا وادیار نییە کە ئەوان لە دەوڵەت بەهێزترن؟ واتە ئەم گروووپانە هێرش دەکەنە سەر عێراق، هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە سووریا و ئوردن دەکەن و هەمووان گلەییان لێیان هەیە. ئایا وادیار نییە کە لە دەوڵەت بەهێزترن؟

مەسرور بارزانی:  من ناتوانم بڵێم ئەوان لە حکوومەت بەهێزترن. پێم وانییە تا ئێستا هەوڵێکی جددی درابێت بۆ داماڵینی چەکەکانیان بە هێز، چونکە ئاڕاستەکە تا ئێستا بە مەبەستی گەیشتن بووە بە رێککەوتنێکی ئاشتیانە کە دڵنیایی بدات لەوەی ئەم گروووپانە چەکەکانیان رادەست بکەن یان لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا تێکەڵ ببن. کەواتە، هیچ هەوڵێکی راستەقینە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازییان نەبووە. و من پێم وایە ئەمە رێچکە دروستەکەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم گرووپانە لە کۆتاییدا پابەند دەبن بە یاسا و رێساکانی دەوڵەتەوە.

 

جەزیرە:  جەنابی سەرۆکوەزیران، ئەمە دەرگا بۆ پرسیارە گەورەکە دەکاتەوە کە پەیوەستە بە هەژموونی ئێران لە عێراقدا؟

مەسرور بارزانی:  عێراق دراوسێی ئێرانە، و سنوورێکی درێژی لەگەڵیدا هەیە. بۆیە سروشتییە کە پەیوەندییان هەبێت. بەڵام ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و متمانەی هاوبەش بن. پێویستە هەموو وڵاتان رێز لە یەکتر بگرن، بەپێی ئەو نەریتانەی کە پەیوەندییەکانی نێوانیان و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنیان رێکدەخەن. ئێمە هەروەها پێمان وایە کە عێراق دەبێت سەرنجی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی و بەهێزکردنیان چڕ بکاتەوە. لە هەمان کاتدا، دروستکردنی پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، رێگایەکی سروشتییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پەیوەندییانە. بەڵام وەک گوتم، پێویستە عێراق لە بڕیاردانیدا بە تەواوی سەربەخۆ بێت، و بەرژەوەندی گەلەکەی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بخاتە سەرووی هەموو پێوەرێکەوە.

 

جەزیرە:  هەردوو لایەنی ململانێکە، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، لە دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی پێشووەوە کارەکتەری سەرەکین لە بڕیاردانی سیاسیی عێراقدا. عێراق چۆن هاوسەنگی لە نێوان هەردوو لایەنی شەڕەکە و هەژموونی ئەمریکی و ئێرانی رادەگرێت؟

مەسرور بارزانی: وەکوو دەزانیت کۆمەڵێک رووداو هەبوون لە عێراقدا کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی بکەوێتە دۆخێکی زۆر سەختەوە. رژێمی پێشوو رووخا، دواتر هێزەکانی ئەمریکا هاتنە عێراق، دواتر ئەمە وەکوو داگیرکاری وەسفکرا، پاشان ئەو هێزانە بە ناوێکی دیکەوە وەسفکران. کەواتە بوونی هێزی بیانی لە هەرێمی کوردستان بە پێبەندبوونی جیاواز هەبووە تاکو ئەمڕۆش ئەم بابەتە بەردەوام بووە. 

پاشان بینیمان چۆن تێرۆر لە عێراق سەری هەڵدا، کە بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی لەسەر داواکاری فەرمی حکوومەتی عێراق بگەڕێنەوە عێراق، لەپاشان ئەوانیش کۆمەڵێک هێزی بیانی لە عێراق جێگیرکران بەمەبەستی یارمەتیدانیان لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە تێرۆریستییەکان. بێگومان ئێران بە هەمان شێوە هەوڵی داوە کە هەژموونی خۆی زیاد بکات هەر کاتێک دەرفەتی هەبووبێت، و ئەویش وای دەبینی کە دەرفەتێک بووە بۆ زیادکردنی کاریگەری و هەژموونی خۆی لە عێراقدا.

ئەمە عێراقی خستە هەڵوێستێک یان دۆخێکەوە کە دەبێت ئەم پەیوەندییە ئیدارە بکات. لەلایەکەوە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ تەواوی ئەم وڵاتانە هەیە کە لە رابردوودا یارمەتییان داوە، لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک هاوبەشی زۆر گەورە هەیە لەنێوان عێراق و ئێران کە بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە. ئێمە زۆر هاوبەشیمان هەیە کە هەردوو وڵات لە یەکتری نزیک دەکاتەوە وەکوو ئایین، جۆگرافیا، مێژوو، کەواتە دەبێت عێراق ئەم پەیوەندییە بەڕێوەببات. بەڵام من پێم وایە دەبێت بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی عێراق پێش هەموو شتێک بێت.

 

جەزیرە: جەنابی سەرۆکوەزیران ئەم جەنگە بەرەو کوێ دەڕوات؟

مەسرور بارزانی: ئەمە زۆر سەختە کە پێشبینی بکرێت، من دەزانم کە لە خاڵێکدا جەنگەکە کۆتایی دێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کەی کۆتایی دێت؟ من بەدیاریکراوی نازانم کەی کۆتایی دێت، و چەند قوربانی دیکەی لێ دەکەوێتەوە و چەند ژێرخانێکی دیکە ویران دەکرێت بەر لەوەی ئەم جەنگە کۆتایی بێت.

 

جەزیرە: فراوانتر دەبێت یان بەم زووانە کۆتایی دێت؟

مەسرور بارزانی: من ناتوانم پێشبینی بکەم، نازانم کەی کۆتایی دێت، زۆر شت هەن کە کاریگەرییان هەیە، خەڵک باسی کۆمەڵێک سیناریۆ دەکات کە چی روودەدات، و ئەگەر شەڕەکە ئەنجامێکی باشتری هەبێت، یاخود لایەنی ئاشتیانە و گفتوگۆ و دانوستاندن ببێتە هۆی لایەنێکی ئاشتیانە لەنێوان ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران. کۆمەڵێک شتی زۆر هەیە کەواتە، بەڵام من پێم وایە هیچ شتێک نییە کە جێگەی دڵنیایی بێت، بۆیە زۆر سەختە پێشبینی ئەوە بکەیت چی روودەدات.

 

جەزیرە: هەرێمی کوردستان پێشتریش کێشەی ئابووریی زۆری هەبووە، کاریگەرییە راستەوخۆکانی ململانێی ئەمریکی-ئیسرائیلی-ئێرانی لەسەر هەرێم چی بوون؟

مەسرور بارزانی:  کاریگەرییەکی راستەوخۆ هەیە، و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئابووریمان. وەک دەزانن، حکوومەتی عێراق، وەک وڵاتێک کە پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە، و لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمزدا، عێراق ناتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات. و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق دروستکردووە، کە ئێمەش بەشێکین لێی. کەواتە، دڵنیایە کاتێک عێراق زیانی پێدەگات، ئێمەش راستەوخۆ کاریگەریمان بەردەکەوێت.

هەروەها، هەندێک لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بوونە هۆی سستبوونی چالاکییە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا. هەروەها، بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، و دەتوانین بڵێین زیاتر لە 70%ی قەبارەی بازرگانیمان کەمتر بووەتەوە لەوەی لە رابردوودا هەبوو. کەواتە، ئەمە بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر ئەم شەڕەش بەردەوام بێت، پێم وایە دۆخەکە تەنیا بەرەو خراپتربوون دەچێت، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق, بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە. و وەک دەبینن، زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش کاریگەر بوون بەم شەڕە بەردەوامە.

 

جەزیرە:  ئایا ئەم کاریگەرییە... گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت دەست پێ ناکاتەوە؟ و کێڵگەکانی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان... واتە کوردستان بژاردەیەکی زۆر نایابە کە کاریگەر نابێت بە کەنداوی عەرەبی و تێپەڕبوونی نەوت بە گەرووی هورمزدا، واتە سییەکی تری هەناسەدانە. ئایا ئەم شەڕە و تەنگژە ئابوورییانە، گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت ناورووژێننەوە؟

مەسرور بارزانی:  ئێمە ئەوەمان بە راشکاوی و روونی گوتووە: هەرێمی کوردستان ئامادەیە بە هەر شێوازێک کە بۆی بکرێت یارمەتی بەغدا بدات. ئێمە بە تەواوی پشتگیری سەرۆکوەزیران زەیدی دەکەین، و هەموو کارێک دەکەین کە لە تواناماندا بێت بۆ پشتگیریکردنی ئابووری وڵاتەکە. بەڵام دەبێت واقیعبین بین: عێراق زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە باشوورەوە هەناردە دەکرد. ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا هەمانە ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە. ئێمە ناتوانین زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنین، و لەوانەیە بگاتە 400 هەزار ئەگەر وەبەرهێنانی زیاتر هەبێت.

جگە لەوەش، لەوانەیە نزیکەی 300 هەزار بەرمیلی کەرکوکیش هەبێت. تەنانەت ئەگەر حکوومەتی فیدراڵیش بتوانێت بەشێک لە هەناردەکردنی ناوچەکانی دیکەی وڵات لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا بگوازێتەوە، و با گریمانە بکەین کە گەیشتینە یەک ملیۆن بەرمیل، ئەوە هێشتا بەس نییە. عێراق پێویستی بە هەناردەکردنی بڕێکی زۆر زیاتر لەوە هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی داهاتەکەی. کەواتە، بەڵێ، هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ یارمەتیدان، و دەتوانێت قەبارەی بارگرانییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکات.

 

جەزیرە:  ئاستی هەناردەکردن لە رێگەی کوردستانەوە دەتوانێت بگاتە چەند؟

مەسرور بارزانی:  وەک روونم کردەوە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان. بەڵام هەڕەشە و هێرشەکانی ئێستا کە پێشتر لەلایەن هەندێک لەم گروووپانەوە ژێرخانی نەوت، بیرەکانی نەوت و پاڵاوگەکانیان بەئامانج گرتووە، وایکردووە کە زۆر قورس بێت بۆ کۆمپانیاکانی نەوت بگەڕێنەوە بۆ وەبەرهێنان یان تەنانەت بەردەوامبوون لە کارەکانیاندا.

و ئەم کۆمپانیانە نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی کارەکانیان تاوەکو ئەم دواییانە، دوای ئەو گەرەنتیانەی کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق ، حکوومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتەوە پێیان درا. بەڵام گەیشتن بە ئەوپەڕی توانای بەرهەمهێنان کاتی دەوێت. سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمهێنان، ئەمە پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاترە، و ئەمەش پێویستی بە هەندێک کات هەیە. بەڵام توانای بەرهەمهێنانی بەردەست لێرە هێشتا زۆر کەمترە لەوەی عێراق دەتوانێت لە باشووردا بەرهەمی بهێنێت. کەواتە، پێویستە هەرێمی کوردستان هاوکار بێت لە پێشکەشکردنی هاوکاری، بەڵام پێویستیشە عێراق بتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات بۆ بەدەستهێنانی داهاتی پێویست کە بەردەوامیی کارکردنی ئابووری دابین بکات.

 

جەزیرە:  بەڵام ئەمە پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی یاسای نەوت و گاز هەیە، و سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە مافی هەرێم بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت؟

مەسرور بارزانی:  بەڵێ، بێگومان. بەداخەوە، یاسای نەوت هێشتا تا ئێستا نییە، و پەسەندکردنی کاتی دەوێت چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە بۆ بڕیاردان لەسەری. و ئەم یاسایە پێویستە، چونکە ئێمە پێویستمان بە یاسایەکی نەوت و گاز هەیە کە مافەکانی هەر لایەنێک بە روونی دیاری بکات. بێگومان، دەستوورمان هەیە، و بە روونی مافەکانی هەرێم و مافەکانی حکوومەتی فیدراڵی دیاری دەکات. کەواتە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ دەستووردا نییە؛ پێشتر باسی ئەم بابەتەی کردووە، و رێککەوتنیش لەسەری هەیە. بەڵام تا ئێستا، یاسامان نییە.

و حکوومەتی عێراق هێشتا پشت بە یاسایەک دەبەستێت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975، کە یاسایەکە هەڵوەشاوەتەوە چونکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو. و تا ئێستا، یاسا نییە. رژێم گۆڕاوە و عێراق لە دەوڵەتێکی مەرکەزییەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی، بەڵام یاساکان وەک خۆیان ماونەتەوە، و ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وادەکات هێشتا رووبەڕووی هەندێک کێشە ببینەوە.

 

جەزیرە: دەخوازەم لە جەنابی سەرۆکوەزیران، بەڕێز مەسرور بارزانی، هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم پەیوەندییە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا بکات. ئێستا هەرێمێک هەیە کە لە رووی یاسا و دامەزراوەکانیەوە خاوەن سەربەخۆییەکی بەرزە، بەڵام بەشێکە لە عێراقی فیدراڵیی گەورە و کێشەش هەن. گرنگترین ئەو کێشانە چین کە کورد و حکوومەتی فیدراڵی نەیانتوانیوە تێپەڕیان بکەن؟ با وەک خاڵی سەرەکی بیانژمێرین.

مەسرور بارزانی:  گەورەترین کێشە... گرتنەبەری سیستەمی فیدراڵییە. هێشتا کەسانێک لە بەغدا هەن بڕوایان بە سیستەمی فیدراڵی نییە، یان تەنانەت لێی تێناگەن. هەروەها، سیستەمی فیدراڵی بەو شێوازەی کە دەبوو جێبەجێ بکرێت، جێبەجێ نەکراوە. و من پێم وایە ئەمە گەورەترین کێشەیە. زۆرێک لە ماددەکانی دەستوور نەگۆڕاون بۆ یاسا. بۆیە، هەوڵ هەبووە بۆ فەرامۆشکردنی هەندێک لەو ماددانەی لە دەستووردا هاتوون، کە ماددەی زۆر بنەڕەتین بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و کوردستان و ئاساییکردنەوەیان. و ئەمەش هۆکاری بەردەوامبوونی هەندێک لە کێشەکانە، چونکە لێکدانەوەی نادروست، یان لێکدانەوەی جیاواز بۆ هەندێک بڕگەی دەستوور لە نێوان هەردوو لایەندا هەیە. بۆیە، لە روانگەی ئێمەوە، ئەگەر دەستوور بەو شێوازەی کە دەبوو جێبەجێ بکرێت جێبەجێ بکرابایە، و ئەگەر هەموو لایەنەکان رێزیان لە سیستەمی فیدراڵی بگرتایە، کێشەکانی نێوانمان لە کەمترین ئاستدا دەبوو.

 

جەزیرە:  بەڵام وەک خۆی جێبەجێ نەکرا...

مەسرور بارزانی:  نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. و من لۆمەکە ناخەمە سەر حکوومەتێکی دیاریکراو یان سەر کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو دەڵێم کە ئەمە کێشەکە بووە لە ساڵی 2005ـەوە، لە کاتی پەسەندکردنی دەستوورەوە تا ئەمڕۆ، چونکە عێراق پابەند نەبوو بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە، یان بەو شێوازەی کە دەبوو جێبەجێ بکرێت جێبەجێی نەکرد.

 

جەزیرە:  عەقڵییەتی فیدراڵی لە عەقڵییەتی دەوڵەتی مەرکەزیی و گشتگیر جیاوازە، وایە؟ ئەو عەقڵییەتەی ئێستا لە بەغداد حاکمە، مەبەستم بژاردەی سیاسییە، تا رادەیەکی زۆر فیدراڵی نییە؟

مەسرور بارزانی:  نەک هەمووان. زۆرێک لە خەڵک هەن کە زۆر تێگەیشتوون، و کەسانێک هەن کە گرنگی گۆڕینی عێراق بۆ سیستەمی فیدراڵی درک پێدەکەن. هەروەها، زۆر کەس لە سوودەکانی ئەم سیستەمە تێدەگەن بەراورد بە سیستەمی مەرکەزی. لە راستیدا، لە میانی گفتوگۆکانماندا لەگەڵ زۆرێک لە پارێزگاکان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا، بۆمان دەرکەوت کە ئەوانیش هەموویان بەدەست ئەم عەقڵیەتە مەرکەزییەوە دەناڵێنن. مەرکەزییەت هەمیشە باشترین بژاردە نییە بۆ وڵات، و هەندێک جار نامەرکەزییەت و هاوبەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ کەسانی تردا باشترین رێگایە بۆ پێشوەچوون.

 

جەزیرە:  دابەشکردنی دەسەڵات، هەندێک لایەن دەترسن لەوەی لە کۆتاییدا ببێتە هۆی جیابوونەوە؟

مەسرور بارزانی:  ئەوە راست نییە، چونکە زۆرێک لە نموونەی زۆر سەرکەوتوو لە جیهاندا هەن لەو وڵاتانەی کە سیستەمی فیدراڵی پێڕەو دەکەن، و ئەوان وڵاتی زۆر بەهێزن. سەیری ئەڵمانیا بکە, سەیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکە، بۆ نموونە سەیری دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بکە، و سەیری سویسرا بکە. دەتوانیت چەندین وڵاتی فیدراڵی سەرکەوتوو بدۆزیتەوە. بۆیە، کێشەکە لە خودی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکو لە عەقڵیەتی هەندێک کەسدایە کە بەداخەوە لەم سیستەمە بە نادروستی تێدەگەن و هەوڵدەدەن ئایدۆلۆژیای جیاواز بسەپێنن.

لە راستیدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2005، ئێمە دەستوورمان هەبوو، و ئەم دەستوورە نوێنەرایەتی جۆرێک لە سازان دەکات کە لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە گەیشتوونەتە پێی. و ئێمە لە کوردستان چەندین سازشمان کرد بە مەبەستی گەیشتن بە سیستەمی فیدراڵی. کەواتە، پێویست ناکات سیستەمی فیدراڵی هەموو داواکارییەکانی هەر لایەنێک دابین بکات، بەڵکو باشترین سیستەمی بەردەستە.

 

جەزیرە:  با بابەتەکان بژمێرین: ناوچە جێناکۆکەکان، یاسای نەوت و گاز، چی تر؟ دەمەوێت ئەو کێشانە بزانم کە نیشانی دەدەن فیدراڵییەت وەک پێویست پێش نەکەوتووه؟

مەسرور بارزانی:  با جارێکی تریش بڵێم کە باوەڕبوون بە خودی سیستەمی فیدراڵی، و قەناعەتبوون بەوەی کە باشترین سیستەمە بۆ پێشوەچوون، دەتوانێت هەموو شتەکانی تر چارەسەر بکات. ئەوەی باسی دەکەین ماددەی 140ـە سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان، یاسای نەوت و گاز، و پرسەکانی وەک بازرگانی و باج و هیتر. ئەمانە هەموویان پرسی هەڵپەسێردراون، و هۆکارەکەش جیاوازی عەقڵیەتەکانە. کەسانێک هەن پێیان وایە هەموو شتێک دەبێت مەرکەزی بێت، بۆیە هەندێک لەم ماددانە فەرامۆش کران، و پرسی ناوچە جێناکۆکەکانیش لە ساڵی 2005ـەوە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە.

مەبەستم ئەوەیە کە دەستوور کاتێکی دیاریکردبوو کە دەبوا لەو چوارچێوەیەدا ئەم پرسە چارەسەر بکرابایە. و پێم وایە زۆرێک لە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبوون ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بکرابایە، و یاسای نەوت و گازیش ناکۆکییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی نەوت و گازی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چارەسەر دەکرد. بەڵام ئێمە ئەم یاسایەمان نییە و بۆیە هێشتا رووبەڕووی ئەم کێشانە دەبینەوە. سەبارەت بە سیستەمی باج، دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدراڵی چییە، و هەرێمەکان و پارێزگاکان چی، و چەندێک لە باجەکان بۆ ئەم هەرێمەیە؟ ئەمانە بابەتگەلێکن کە هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە، و تا ئێستاش روون نەکراونەتەوە.

 

جەزیرە: دێدگای ئابووری بەڕێز مەسرور بارزانی چییە؟ پرۆژەی چاکسازی ئابووری ئێوە چی لە خۆ دەگرێت، جیاوازی نێوان ئێوە و حکوومەتی فیدراڵ چییە؟

مەسرور بارزانی: با ئەوە لەبیر نەکەین، ئێمە لە ساڵی 1991ـەوە دەستمان پێکرد دوای راپەڕین، لەکاتێکدا بەغدا دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003دا دەستی پێکرد، ئەمەش واتە جیاوازییەکە 12 ساڵ بوو. بەڵام لە ساڵی 2003ـەوە تا ئەمڕۆ، کاتێکی پێویست هەبوو بۆ گەیشتنەوە یان بۆ بەدەستهێنانی زۆر شت، بەتایبەتی سەبارەت بە بەغدا. عێراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروهری و وڵاتێکی سەربەخۆ، مەبەستم ئەوەیە ئەوان توانای ئەنجامدانی زۆر شتیان هەیە. هەروەها، عێراق خاوەنی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیەتی، و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە رووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە، هەروەها لە رووی سەرچاوە مرۆییەکانی و پێگە ستراتیژییەکەیەوە. عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە و هەرەس ناهێنێت، چونکە خاوەنی هەموو ئەو پێکهاتانەیە کە دەتوانن یارمەتیدەری بن بۆ هەستانەوە و باشترکردنی دۆخەکە. تەواوی ئەوەی پێویستییەتی بەڕێوەبردنێکی دروست و بڕیاردانی راستەقینەیە، و هیوادارین ئەم بڕیارانە لەژێر سەرکردایەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بدرێن. هەر لەبەر ئەوەیە کە ئێمە بە تەواوی پشتگیری هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە دەکەین کە ئەو دەیانخاتەڕوو.

 

جەزیرە: ئەمانە ئاواتن بەڕێز سەرۆکوەزیران، من باسی واقع دەکەم

مەسرور بارزانی: وەک گوتم، جیاوازی هەیە. جیاوازی هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی تری عێراقدا. لە هەرێمی کوردستان، ئێمە توانیمان بەرەو پێش بچین لە چاکسازی ئابووریدا، یان بە گشتی لە چاکساریدا، شەڕی دژی گەندەڵی، و فرەچەشنکردنی ئابووری. و هەموو ئەم هەنگاوانەش ئەنجامی ئەرێنییان بەدەستهێناوە. ئێمە تەرکیزمان بە شێوەیەکی بەرچاو خستە سەر بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان. بۆ بەدیهێنانی ئەوەش، دەبوا داتاکان کۆبکەینەوە تا بڕیارەکانمان لەسەر لێکدانەوەی کەسی بنیاد نەنێین، بەڵکو لەسەر بنکەی زانیاری کۆکراوە بێت. کەواتە، هەر بڕیارێک کە دەدرێت لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی دۆخەکەیە.

ئێمە هەوڵماندا بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری تاوەکو تەنیا پشت بە نەوت یان هەناردەکردنی نەبەستین. وەک دەبینین، راگرتنی هەناردەکردنی نەوت وڵاتی خستە ناو تەنگژەیەکەوە. هەر لەبەر ئەوەش بوو کە ئێمە وەبەرهێنانی زۆرمان لە کەرتی کشتوکاڵیدا کرد، و دروستکردنی پیشەسازی جیاواز، بنیادنانی کارگەکان، هاندانی گەشتوگوزار، و بایەخدانی زۆر بە کەرتی پەروەردە و تەندروستی. بەم کارەش، ئێمە سەرنجمان خستە سەر کۆمەڵێک بوار کە لە رێگەیانەوە دەتوانین ئابووریمان فرەچەشن بکەین، و دڵنیابین لە بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر کە بە تەواوی پشت بە نەوت و گاز نەبەستێت. و پێم وایە ئەم رێچکەیە لەسەر ئاستێکی فراوانتریش لە تەواوی عێراقدا پێویستە.

عێراق خاوەنی سەرچاوەی دیکەیە جگە لە نەوت و گاز. هەروەها پێویستە داهاتی نەوت و گاز بە شێوازێکی باشتر بەڕێوەبببرێت. بەشێکی گەورەی پارەی دەوڵەت بۆ مووچە دەڕوات، و خەرجییەکی زۆر هەیە کە پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باشتر هەیە ئەگەر وڵاتەکە بیەوێت گەشەپێدان بەدەستبهێنێت. لەبری دامەزراندنی خەڵکی زیاتر لە کەرتی گشتیدا ساڵانە، پێویستە هانی کەرتی تایبەت بدرێت و رۆڵی بەهێز بکرێت. بەپێی زانیارییەکان، لە ساڵی 2013وە دامەزراندن لە کارە حکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا چیتر رێگەپێنەدراوە، و سنووردار کراوە بۆ سیستەمی گرێبەست. بەڵام ئەم سنووردارکردنانە لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن، نەک لە شوێنەکانی تری وڵاتدا.

و ئەم بابەتە پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باشتر هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە دەبێت تەرکیز لەسەر بەهێزکردنی کەرتی تایبەت بێت. هەروەها کەرتی بانکیش دەبێت بایەخی پێبدرێت، بۆ نموونە، چونکە بۆ وەبەرهێنان پێویستە، و حەتمییە بۆ گەشەکردنی چالاکییە بازرگانییە جیاوازەکان، و بۆ رەخساندنی ژینگەیەک کە خەڵک هەست بکەن تەنیا پێویستیان بەوە نییە ببنە فەرمانبەری حکوومی بۆ دابینکردنی داهاتوویان. و ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجاممان داوە. هەروەها چەندین شتی دیکەش هەن کە تەواومان کردوون و سەرکەوتووبوونی خۆیان سەلماندووە، وەک پڕۆژەکانی کارەبا و ئاو.

 

جەزیرە:  کێ کاریگەریی لەسەر ئەوی تر دادەنێت؟ واتە ئەوان ئێوە پەلکێش دەکەن بۆ ناو سیستەمی خۆیان لە حکوومەتی فیدراڵی، یان ئێوە هەوڵ دەدەن حکوومەتی فیدراڵی رابکێشن بەرەو ئاسۆیەکی باشتر؟

مەسرور بارزانی: لە راستیدا ئێمە بە چەند قۆناخێکی جیاوازدا تێپەڕین قۆناخی جیاواز هەبوون. کەسانێک لە بەغدا هەبوون کە بە تەواوی بڕوایان وابووە کە دەبێت هەموو شتێک بە مەرکەزی بەڕێوەببرێت. لە بەرامبەردا، کەسانێک هەن سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو، و هەوڵدەدەن سوود لە سەرکەوتنەکانی وەربگرن و رەنگە ئەم ئەزموونەش دووبارە بکەنەوە.

 

جەزیرە:  کێ وەبەرهێنان لە کوردستان دەکات؟ واتە کێن گەورەترین وەبەرهێنەرەکان، چ دەوڵەتێکن؟

مەسرور بارزانی:  بێگومان، ئێمە ژمارەیەکی زۆر وەبەرهێنەری ناوخۆییمان هەیە، خەڵکی هەرێمی کوردستان. و ئەوان لە راستیدا بوونە فریادڕەسی ئابووریمان لە کاتە سەختەکاندا. و دەبێت سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم بۆ سەرجەم وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان، و بۆ کەرتی تایبەت دەرببڕم، کە هەموو ئەم پڕۆژانەیان بە هەوڵی خۆیان تەواو کرد، و بەبێ وەرگرتنی پشتگیرییەکی ئەوتۆ لە لایەن حکوومەتەوە. هەروەها وەبەرهێنەری دەرەوەی هەرێمیشمان هەیە. وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و ئەورووپیمان هەیە، بە تایبەتی لە کەرتی نەوت و وزەدا، هەروەها لە کەرتی کشتوکاڵیشدا. ئێمە هەروەها هاوبەشیمان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا هەیە وەک هۆڵەندا و ئەڵمانیا.

 

جەزیرە:  یەکەم هاوبەشی ئابووریتان لە هەرێمدا کێیە؟ لەسەر لایەنی کار و وەبەرهێنان و زۆر بواری تری ئابوورییدا؟

مەسرور بارزانی:  تورکیا.

جەزیرە:  تورکیا؟

مەسرور بارزانی:  بەڵێ، ئەوان خاوەنی گەورەترین وەبەرهێنەرانن.

جەزیرە:  پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا چۆنە؟

مەسرور بارزانی:  پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیادا زۆر باشن، و لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە، و هەریەکەمان لەسەر ئاستی جیاواز پشتیوانی ئەویترمان کردووە. هەروەها پەیوەندی بازرگانی و چالاکی ئابووری بەرفراوانمان هەیە.

 

جەزیرە:  ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە چین لە نێوان ئێوە و تورکیادا؟ پرسی پارتی کرێکاران (پەکەکە)، بابەتی هێرشەکان، پرسی دەستتێوەردانی سەربازی و هاوشێوەکانی؟

مەسرور بارزانی:  باشە، بێگومان ئەم کێشانە بوونیان هەبوو. رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەسەر سنوورەکانمان روویاندا، و لە ئەنجامی ئەم ململانێیە بەردەوامەدا، تا ئێستاش 800 گوندی ئێمە وێرانن، و نەمانتوانیوە سەرلەنوێ ئاوەدانیان بکەینەوە بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان لە ناوچەی سنووری نێوان ئێمە و تورکیا. بۆیە بێگومان کێشەیەک هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە، تورکیا لە ماوەی دوو ساڵی راستیدا شاهیدی دەستپێشخەرییەکی ئاشتی بوو، و ئێمە لایەنگری بەهێزی ئەم دەستپێشخەرییە بووین، و هیوادارین ببێتە هۆی سازان و رێککەوتنی ئاشتیانەی زیاتر، و بەهێزکردنی ئاسایش.

 

جەزیرە:  جەنابی سەرۆک، تورکیا گەورەترین پێکهاتەی کوردی تێدایە کە ژمارەکەیان لە نێوان 20 بۆ 30 ملیۆندایە. ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت، رەنگە یارمەتیدەر بێت لە هێورکردنەوەی بابەتەکە، وایە؟ جەنابت چۆن تەماشای پرسی کوردی تورکیا دەکەیت؟

مەسرور بارزانی:  ئەوان شێوازی تایبەتی خۆیانیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، و روونە کە کورد لە تورکیا خواست و تەڵەبی تایبەتی خۆیان هەیە. و ئێمە هەمیشە تەنیا پشتگیری هەر رێککەوتنێکی ئاشتیانەی نێوان حکوومەت و تاکەکانمان کردووە. و نە هەموو کوردانیش سەر بە یەک حزبی سیاسین؛ هەروەها کورد هەیە کە ئەمڕۆ سەر بە پارتی دەسەڵاتدارە. بۆیە، بەڵێ، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە گرنگ سەیر دەکرێت بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ کورد لە تەواوی ناوچەکەدا.

 

جەزیرە:  لە سووریا گۆڕانکاریی زۆر گەورە روویدا، رژێمی سووریا رووخا و سەرۆکی شەرعی هاتە سەر حوکم، وادیارە بەرەوپێشچوونی باش هەیە لە پرسی (هەسەدە) و تێکەڵکردنیان بە دەوڵەت، هەروەها قسە لەسەر چارەسەرکردنی ستەملێکراویی هاووڵاتیانی کوردی سووریا دەکرێت بە شێوازێک. بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن تەماشای ئەم بابەتە دەکات؟

مەسرور بارزانی:  ئێمە پێمان وایە کە سووریا لەژێر خۆڵەمێشەوە سەرلەنوێ لەدایک بووەتەوە، چونکە بە دۆخێکی یەکجار سەختدا تێپەڕی. پێم وایە ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەدەست هاتووە تا رادەیەکی زۆر ئەرێنی و بەکەڵک بووە. بە ئاشکرا، هێشتا کێشەکان ماون، بەڵام ئێمە لایەنگری بەهێزی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان دیمەشق و کورد بووین لە سووریادا. و سەرۆک بارزانی چەندین بانگهێشتی لەم چوارچێوەیەدا ئاراستە کردووە، هەروەها رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە یارمەتیدانی بەردەوامیی ئەم گفتوگۆ و دیالۆگانەدا. ئێستا پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و دیمەشقدا لە پەرەسەندندایە. بۆیە، ئێمە پشتگیری لە هەر دەستپێشخەرییەک یان هەر هەنگاوێکی ئەرێنی و دروستکەر دەکەین کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە کێشە بەردەوامەکانی سووریا و چارەسەرکردنیان.

 

جەزیرە:  ئایا پێتان وایە دەسەڵاتی نوێی سووریا جدییە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، بابەتە هەڵپەسێردراوەکان، کێشەی رەگەزنامە، پرسی مافەکان و هاوشێوەکانی؟

مەسرور بارزانی:  باشە، ئەوان پێشتر بڕیارێکیان داوە بۆ پێدانی رەگەزنامە بە کورد، و بەڵێ، بینیمان کە ئەوان لە راستیدا تا ئێستا لەسەر ئەم بابەتە جددین. سەرۆک بڕیارێکی دەرکردووە بۆ پێدانی رەگەزنامە بە کورد. من نازانم ئایا رێکارەکان تەواو بوون یان نا، بەڵام دەزانم کە ئەو ئەم بڕیارەی داوە.

 

جەزیرە:  ئایا پێتان وایە کە ئێوە لە هەرێمدا پەیوەندیدارن بە هەر پرسێکی کوردی لە هەر وڵاتێکی دەوروبەردا؟

مەسرور بارزانی:  بێگومان، ئەوان خەڵکی ئێمەن، و ئەوان برای ئێمەن، و پەیوەندییەکی زۆر و بەرژەوەندییەکی هاوبەشی زۆر لە نێوانماندا هەیە. ئێمە رێز لە تایبەتمەندی ئەوان دەگرین، و رێز لەوەش دەگرین کە ئەوان لە وڵاتێکی جیاوازدا دەژین. بەڵام بێگومان ئێمە بە تەواوی پشتگیری لە مافەکانیان دەکەین، بە شێوازی قبوڵکراو، و بە شێوازێک کە وایان لێبکات بگەنە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتەکانیاندا.

 

جەزیرە:  ئایا ئیدارەی نوێی سووریا داوای هاوکاریی لە ئێوە کردووە لە بابەتەکان یان لە بەڕێوەبردنی کێشەکان لەگەڵ (هەسەدە)، یان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد بە شێوازێک؟

مەسرور بارزانی:  لە راستیدا گفتوگۆ هەبوون، و ئێمە رۆڵێکی بنیاتنەرمان گێڕا لە نزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان هەردوو لایەندا.

 

جەزیرە:  ئایا بارودۆخەکە ئەمڕۆ باشتر دیارە بە بەراورد بەو دۆخەی کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا هەبوو، مەبەستم لەوەی کە پەیوەستە بە کوردەوە؟

مەسرور بارزانی:  تا ئێستا، بەڵێ، ئەمە ئەو شتەیە کە بینیمانە. لە رابردوودا، ئێمە بە دوو قۆناخی جیاوازدا تێپەڕین. قۆناخێک هەبوو کە شاهیدی ئینکاریکردنی بوونی کورد بوو لە سووریادا، دواتر قۆناخی داعش هات کە تێیدا کورد لە ئەو ناوچانەی لێی بوون ناچار بوون شەڕی ئەم رێکخراوە بکەن. ئەمڕۆ، هەموو سوورییەکان، بە کوردیشەوە، چوونەتە قۆناخێکی جیاوازەوە. کورد هەیە کە ئێستا کورسییان لە ئەنجومەنی گەلدا هەیە، و کورد هەیە کە پۆستی وەزارییان لە حکوومەتی نوێدا هەیە. ئێمە دەزانین کە ئەم کێشانە بە شەو و رۆژێک چارەسەر نابن؛ هێشتا پرسگەلێک هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن. بەڵام گرنگترین شت دروستکردنی متمانەیە. کاتێک متمانە دروست بوو, پێم وایە ئەوە رێگا خۆش دەکات بۆ پەیوەندییەکی باشتر و گەیشتن بە رێککەوتنی باشتریش.

 

جەزیرە:  بەڕێز بارزانی، پرسی کورد لەو وڵاتانە ئایە؛ هۆکاری پەیوەندییەکانتان لەگەڵیان؟

مەسرور بارزانی: ئێمە پەیوەندی تایبەتی خۆمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێدا هەیە، جا لەگەڵ تورکیا، سووریا، ئێران، ئوردن، عەرەبستانی سعوودی، یان کوێت بێت. سەبارەت بەو وڵاتانەی کە سنووری راستەوخۆمان لەگەڵیاندا هەیە، ئەوانیش سووریا، تورکیا و ئێرانن، و ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو ئەم وڵاتانەدا هەیە. بەڵام دڵنیایە کە توخم یان رەگەزی کوردی وەک یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان لە داڕشتنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا سەیر دەکرێت.

 

جەزیرە:  لە ئێران گوێبیستی پرسی کورد نابین بەراوەرد بە تورکیا ؟

مەسرور بارزانی: ئەوان هەر یەکەیان بە شێوازی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کورددا کردووە. بۆ نەموونە، تورکیا بۆ ماوەیەکی درێژ بوونی کوردی ئینکار دەکرد. بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتی پارتی دەسەڵاتداری ئێستادا، تەنانەت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش کە هەڵوێستی توندیان دژی کورد هەبوو، ئێستا هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە کورد نەک تەنیا بوونی هەیە، بەڵکو بەشێکی گرنگ و بنەڕەتی تورکیا پێکدەهێنێت، و دەبێت رێگایەک بدۆزرێتەوە کە هەمووان بتوانن پێکەوە بژین و ببنە هاووڵاتییەکی باش. سەبارەت بە ئێرانیش، بۆ نموونە پارێزگایەک هەیە بە ناوی کوردستان، بەڵام بەشداری کورد، بەتایبەتی لەسەر ئاستی حکوومی، با بڵێین، سنووردار بووە. کەواتە ئەوان شێوازی تایبەتی خۆیانیان هەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کورددا. بێگومان، زۆر ماف هەن کە کورد لە ئێراندا داوای دەکەن، و هەست دەکەن کە بێبەشکراون لێیان، و ئەمەش بابەتێکە کە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە. و ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە کورد لە هەر شوێنێک بێت، و لە هەر وڵاتێکدا بژی، لە مافی یەکسان بەهرەمەند بێت، بۆیە نابێت ببنە هاووڵاتی پلە دوو، بەڵکو دەبێت هاووڵاتی بن بە تەواوی مافەکانیانەوە، و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. و پێم وایە ئەمە زۆرێک لە کێشە بەردەوامەکان لە هەر وڵاتێکدا چارەسەر دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی لە کوێن.

 

جەزیرە:  ئەو پەندە کوردییەی لە سەرەتای بەرنامەکەوە ئاماژەمان پێدا زۆر سەرنجی ڕاکێشام کە دەڵێت: 'کورد جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی نییە'، کە ئاماژەیە بۆ دۆخی ململانێ و شەڕەکان. ئێستا نەوەی گەنج گرەو لەسەر چی دەکات؟ سەردەمی شەڕی نێوان دەوڵەتان کۆتایی پێهات، قسە لەسەر هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافی یەکسان بۆ کورد دەکرێت چ لە هەرێمەکەی خۆیاندا یان لەو وڵاتانەی لێی دەژین، بەڕێز مەسرور گرەو لەسەر چی دەکات؟

مەسرور بارزانی:  ببینە، زۆرێک لە گەنجان و نەوەی نوێ واتای چەوسانەوە نازانن، و نازانن ئەنفال چییە، یان بۆردومانی کیمیایی، بۆ نموونە لە عێراقدا. و ئەوان ئەوە نازانن چونکە ساڵانێکی زۆر دوای ئەو رووداوانە لەدایکبوون. زۆرێکیان لەو کاتەدا لەدایکبوون کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵی بوو. کەواتە، ئەوان هەموو ئەم ساڵانەیان لە کەشێکی ئازادیدا ژیاوە. هەروەها، ئەوان لە توانای دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و جیهان بەهرەمەندن، و دەزانن چی لە ئوسترالیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەورووپا، ئەفریقا، و ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا روودەدات. خەڵک ئەمڕۆ ئاسانکارییان هەیە لە دەستگەیشتن بە زانیارییەکاندا. بۆیە، ئەوان ئاگاداری ئەوەن کە چی روودەدات.

خواست و ئاواتەکانی نەوەی نوێ جیاوازن، چونکە وەک دەزانیت ئەوان چیتر لەژێر قورسایی فشارەکاندا ناژین، بەڵکو بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن، و هەوڵدەدەن سیستەمێکی باشتر بنیاد بنێن، و سەیری وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەن وەک نموونەیەک کە چاوی لێبکەن. کەواتە ئەوان بەراوردی خۆیان بە باشترین نموونەکانی جیهان دەکەن، و لەمەشەوە پێشبینییە بەرزەکانیان سەرچاوە دەگرێت. و ئەمەش ئەرکی ئێمە تا رادەیەک قورستر دەکات، چونکە دەبێت هاوسەنگی لە نێوان واقیع و پێشبینییەکانی نەوەی گەنجدا دروست بکەین. بەڵام دەتوانم پێت بڵێم کە ئێمە نەوەیەکی گەنجمان هەیە کە پڕە لە زیندوویی، خاوەنی ئاستێکی بەرزی زیرەکییە، و لە خوێندنێکی زۆر باش بەهرەمەندە، و من زۆر گەشبینم و هیوایەکی گەورەم بە داهاتوویان هەیە.

 

جەزیرە:  بەڕێز مەسرور مه‌سعود بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، زۆر سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ ئامادەبوونت لە بەرنامەی (المقابلة). هیوای باشترین بۆ عێراق و کوردستان و بۆ هەمووان دەخوازم بە گشتی، زۆر سوپاس بۆ جەنابت. بینەرانی هێژا، زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بۆ بەدواداچوونتان، بەهیوای دیدار لە بەرنامەی داهاتوودا، شاد و سەرفراز بن و لە پەنای خوادا بن.

مەسرور بارزانی:  سوپاس. زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.