حووسییەکان مەخا و مەئربیان بۆردومان کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، حووسییەکان جارێکی دیکە شاری مەخایان لە کەناراوەکانی یەمەن بە مووشەکی بالیستی بۆردومان کرد. 

هاوکات لە پارێزگای مەئرب، سەرچاوە سەربازییەکان رایانگەیاند، حووسییەکان بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند گەڕەکێکی نیشتەجێبوون.

ناوەندیی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئاشکرای کرد، بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوپا توانیویانە درۆنەکان تێکبشکێنن. لە ئەنجامی هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر شارۆچکەی حەریب لە مەئرب، 2 کەس کوژران و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، هێزەکانی یەمەن هێرشێکی چڕیان کردە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە ناوچەی حەریبی سەر بە پارێزگای شەبوە. هەروەها تۆپخانەکانی سوپای یەمەن ناوەندێکی کۆنتڕۆڵ و چەندین سەکۆی هەڵدانی مووشەک و سەنگەری میلیشیاکانیان لە چیای هێلان لە رۆژئاوای مەئرب و ناوچەی جوبە لە باشووری هەمان پارێزگا تێکشکاندووە.

شاری مەخا لە رۆژی یەکشەممەوە رووبەڕووی هێرش بووەتەوە، تێیدا حووسییەکان 30 مووشەکی بالیستییان ئاراستەی ناوچە مەدەنییەکان کردووە. بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 8 کەس و برینداربوونی 26 کەسی دیکە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییەی حووسییەکان و هەڕەشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی بابولمەندەب، هاوکاتە لەگەڵ پەکخستنی جوڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە. ئەم ناوچەیە بووەتە چەقی ململانێی نێوان تاران و واشنتن، بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو کردیانە سەر ئێران.