قائانی و چوارچێوهی ههماههنگی چهكدانانی گرووپهكان تاوتوێ دهكهن
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیدا گەیشتە بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، قائانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان ئەنجامداوە، کە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، یەکێک بووە لەو کەسانەی لەگەڵی کۆبووەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانە رانەگەیەندراوەی قائانی چەندین دیداری دیکەش لەگەڵ لایەنە سیاسی و سەربازییەکان بگرێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی کردووە، گفتوگۆکانی قائانی لە بەغدا لەسەر دوو دۆسیەی سەرەکی چڕبوونەتەوە، چارەنووسی چەکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و تاووتوێکردنی پرسی رێگەدان بە عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.
پرسی چەکی گرووپەکان یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیەکان لەبەردەم حکوومەتی عێراقدا، بەتایبەت لایەنە سیاسییەکان لە 30ـی ئەیلوولی داهاتوو وەک دوایین مۆڵەت دیاری کردووە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا.
پێشتر هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی کردبووەوە، هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لە دوای ئەو وادەیە، وەک کردەوەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەم چوارچێوەیەشدا هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و مۆڵەتی ئەفسەران و فەرماندە سەربازییەکان هەڵوەشاوەتەوە.
سەردانەکەی قائانی دوای هەفتەیەک لە گرژییە ئەمنییەکانی بەغدا دێت، تێیدا هەندێک گرووپی چەکدار هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سعودیەیان کردبوو دوای لێدان لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی. هەرچەندە هادی عامری داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردبوو، بەڵام جەختیشی لەسەر ئامادەباشی هێزەکان کردووەتەوە.
ئێستا گرووپە چەکدارەکان لەسەر پرسی رادەستکردنی چەک دابەشبوون؛ لە کاتێکدا هەندێکیان ئامادەیی نیشان دەدەن بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەت، گرووپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان دابنێن و مەرجی کشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەخەنە روو.