فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا کرا بە تەڵەیەک بۆ رزگارکردنی ترەمپ

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی رۆژنامەی واشنتن پۆست پەردە لەسەر ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی و نهێنی لادەبات کە مانگی رابردوو بۆ پاراستنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی جێهێشتنی تورکیادا ئەنجامدراوە. ئۆپراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری بووە دەربارەی هەڕەشەیەکی جێگەی متمانەی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە 8ـی تەممووزدا ئەنجامدراوە، پلانی گواستنەوەکە بە جۆرێک بووە، فڕۆکەی ناسراوی سەرۆکایەتی (Air Force One) وەک تەڵە و بۆ چەواشەکاری بەکارهێنراوە. ترەمپ لەبەردەم چاوی کامێراکان لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە سەرکەوتووە بۆ سەر فڕۆکە راستەقینەکەی بۆینگ 747، بەڵام دوای چەند خولەکێک و دوور لە چاوی میدیاکان، پلانەکە گۆڕدراوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، ترامپ و ژمارەیەک لە یاریدەدەرە باڵاکانی، لە رێگەی بارهەڵگرێکی فڕۆکەخانە ئەوانەی خواردن و پێداویستی بۆ ناو فڕۆکە دەگوازنەوە بە نهێنی لە فڕۆکە سەرەکییەکەوە گواستراونەتەوە. بارهەڵگرەکە لە دەرگایەکی لایەکی دیکەی فڕۆکەکەوە کە رۆژنامەنووسان نەیانبینیوە، ترەمپی گواستووەتەوە بۆ فڕۆکەیەکی سەربازیی بچووکتر لە جۆری (C-32A).

ئۆپراسیۆنەکە ئەوەندە نهێنی بووە، تەنانەت رۆژنامەنووسانی هاوڕێی سەرۆک و بەشێک لە کارمەندانی کۆشکی سپیش نەیانزانیوە کە ترەمپ لەناو فڕۆکەکەدا نەماوە. فڕۆکە گەورەکە بەردەوام بووە لە گەشتەکەی و کۆدی پەیوەندیکردنی "Air Force One"ی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت سەرۆکی تێدایە، لە کاتێکدا فڕۆکە سەربازییەکەی ترەمپ بە کۆدی نەناسراوی "Reach 18" و بەبێ دەرکەوتن لە سیستەمەکانی چاودێریی گشتی، بەرەو بەریتانیا بەڕێ کەوتووە.

ئەم رێوشوێنانە دوای ئەوە هات، دەزگا هەواڵگرییەکان هەڕەشەیەکی دیاریکراوی ئێرانیان بۆ سەر ترەمپ یان فڕۆکەکەی دەستنیشان کردبوو. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بەشداریکردنی ترەمپ لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە و تەنیا لەو گەشتە نهێنییەدا، پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکاش، بە جیا و بە هەمان شێوەی نهێنی سەرکەوتووە بۆ سەر فڕۆکە سەربازییەکە و هاوڕێیەتی ترەمپی کردووە بۆ بەریتانیا.