وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەوانەی سەرپێچی مەرجەکانیان کردووە ڤیزایان هەڵوەشاوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەکانی وردبینی بەردەوامدا، زیاتر لە 175 هەزار ڤیزای هاووڵاتیانی بیانی هەڵوەشاندووەتەوە؛ ئەمەش بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی سەرپێچی مەرجەکانی ڤیزا دەکەن یان هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی گشتی دروست دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاکان ئەو بیانیانەی گرتووەتەوە کە "سەرپێچی مەرجەکانی ڤیزاکەیان کردووە، تاوانیان کردووە، بانگەشەیان بۆ توندوتیژی دژی هاووڵاتیانی ئەمریکی کردووە، فێڵیان لە ئەمریکییەکان کردووە، خراپ سوودیان لە سیستەمی کۆچی ئەمریکی وەرگرتووە، یان مەترسییان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست کردووە."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، زۆرینەی ڤیزاکان بەهۆی بەدواداچوونی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاساوە هەڵوەشاونەتەوە لەسەر بنەمای چالاکیی جۆراوجۆری تاوانکاری، کە دیارترینیان بریتی بوون لە، تاوانەکانی پەلاماردان، شۆفێری لە ژێر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان یان کحولدا، دزی و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان.
هەروەها رێژەیەکی بەرچاو لە ڤیزاکان لەسەر بنەمای کەیسەکانی شۆفێریی سەرکێشانە، دەستدرێژی سێکسی، خراپەکاری بەرامبەر منداڵ، فێڵکردن، خیانەت لە ئەمانەت و چەند تاوانێکی تر هەڵوەشاونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بڕیارەکان بەرهەمی پشکنینی بەردەوامن بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی خاوەن ڤیزاکان بە مەرجەکان و دڵنیابوون لەوەی مەترسی لەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکی دروست ناکەن.
لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتەکە رایگەیاندووە، باڵیۆزخانەیەکی ئەمریکا لە باکووری ئەفریقا زیاتر لە 100 ڤیزای بۆ دایک و باوک هەڵوەشاندووەتەوە بەهۆی ئەوەی بە ناوی "گەشتیاریی منداڵبوون" ناسراوە سەردانی ئەمریکایان کردووە، بەپێی گوتەی وەزارەتەکە، ئامانجی سەرەکی ئەو کەسانە ئەوە بووە کە منداڵەکانیان لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک ببێت بۆ ئەوەی رەگەزنامەی ئەمریکی بەدەست بهێنن.