بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەحمەد شەرع پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانیان تاوتوێ کرد
کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند؛ لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، دکتۆر بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە ئێکس ئاماژەی دا، گفتوگۆ دەربارەی زیادبوونی ژمارەی ئەو سووریایانەی دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و دۆخی ئەو ملیۆنان کەسەی کە هێشتا بە ئاوارەیی ماونەتەوە کرا.
هەروا راشیگەیاند؛ لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی دابینکردنی پشتگیری پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی ژیانی هاووڵاتیان کراوە کە لە دوای ساڵانێکی درێژ لە ململانێ و جەنگ دووچاری وێرانکاری بوونەتەوە.
بەرهەم ساڵح سەبارەت بە دیدارەکە رایگەیاند: "سووریایەکی ئاشتیخواز و گشتگیر هەمووان لەخۆ بگرێت، بناخەی سەرەکییە بۆ چاکبوونەوەیەکی بەردەوام لە وڵاتدا." ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی سووریا خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەیان.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هاوشانی ئیرادەی سوورییەکان بوەستن و لە رێگەی پشتگیری بەردەوام، وەبەرهێنان و هاوپشتییەوە هاوکاری پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بکەن.