پەرلەمانی عێراق لەم هەفتەیەدا دوو کۆبوونەوەی گرنگ دەکات
پەرلەمانی عێراق لەم هەفتەیەدا دوو کۆبوونەوە دەکات بۆ تاوتوێکردنی چەندین پڕۆژەیاسای تایبەت بە مووچەخۆران و گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی گەندەڵی.
بڕیارە پەرلەمانی عێراق لەم هەفتەیەدا دوو کۆبوونەوەی گرنگ بکات. لە دانیشتنەکاندا چەندین پڕۆژەیاسای تایبەت بە ژیانی مووچەخۆران، مافی پیشەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ دەکرێن.
بەپێی بەرنامەی کاری ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی پزیشکان و پڕۆژەیاسای پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بە فەرمانبەران دەکرێت، هاوکات خوێندنەوەی دووەم بۆ پێداچوونەوەی یاساکانی یەکێتیی مافپەروەران و سەندیکای پارێزەران بەڕێوە دەچێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاب، پەرلەمان گرنگترین هەنگاو دەنێت بۆ بەیاساییکردنی گێڕانەوەی داهاتەکانی گەندەڵی. لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسایەک دەکات کە پێکهاتوو لە 45 بڕگە.
ئەم هەنگاوە هەوڵێکی رژدە بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتی. لە هەمان کۆبوونەوەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێداچوونەوەی یاسای دادنووسان و یاسای چاودێریکردنی نەوجەوانان دەکرێت، کە مەبەست لێیان رێکخستنەوەی زیاتری کاروباری یاسایی و کۆمەڵایەتییە.