ئاسایشی ناوخۆی حەلەب قەدەخەی هاتوچۆی لە کۆبانێ هەڵگرت
ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەلەب، ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی لە شاری کۆبانێ راگەیاند، هەروەها جەختی کردەوە، دوای گەڕانەوەی هێمنی و ئارامی بۆ شارەکە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی قەدەخەی هاتوچۆ دراوە.
ئاسایشی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، چوونەژوورەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ کۆبانێ بە ئامانجی رێگریکردن لە هەر حاڵەتێکی ئاژاوە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها پاراستنی هاووڵاتیان و دابینکردنی سەلامەتی بۆ دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان بووە.
هەروەها ئاسایشی ناوخۆ ئەوەی خستەڕوو، 19 ئەندامیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەركەکانیاندا بریندار بوون، 7 کەسیش بە تۆمەتی تێوەگلاون لەو رووداوانە دەستگیر کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتە بەر.
ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند، رووداوەکانی کۆبانێ لەسەر بنەمای مشتومڕێک دەستی پێکردووە، کاتێک چەند خێزانێک گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان و لە ئەنجامدا کێشە لە نێوان ئەوان و نیشتەجێبووەکانی ئێستای ماڵەکاندا دروست بووە. هاوکات، ئاسایشی ناوخۆ سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە گوایە خێزانەکان رێگرییان لە گەڕانەوەی ئاوارەکان کردبێت.
لە کاتی تیربوونی گرژییەکاندا، ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب قەدەخەی هاتوچۆی لە کۆبانێ راگەیەندرا، ئێستا دوای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و قەدەخەی هاتوچۆ هەڵگیراوە.
لای خۆیەوە،مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر خێزانە ئاوارە کوردەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کۆبانێ، روونی کردەوە، گەڕانەوەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بووە.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە دا، تێگەیشتنی بۆ کاردانەوە تووڕەکانی شەقامی کوردی هەیە، بەڵام داوای کرد خۆراگری و هێمنی بپارێزرێت، خۆیان بە دوور بگرن لە کردەی نابەرپرسانە و رێز لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکان بگیرێت. جەختیشی کردەوە، بەردەوامن لە هەماهەنگییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی گەڕاوە و دادگاییکردنی تێوەگلاوانی هێرشەکە.
ئەوە لە كاتێكدایە دژی هێرشی عەرەبە هاوردەکان بۆ سەر کۆچبەرە گەڕاوەکانی سەرێ کانی، لە کۆبانێ و چەند شارێکی دیکەی رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان کرا.
ژمارەیەک گەنج لە بەردەم باڵەخانەی هێزی ئاساییشی گشتی لە كۆبانێ کۆبوونەوە و خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییان ئەنجام داو بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو؛ نارازییەکان داوایان کرد یاسا لە دژی ئەو کەسە هێرشبەرانە جێبەجێ بکرێت کە هێرشیان کردبووە سەر کۆچبەرانی گەڕاوە بۆ سەرێ کانی، هەروەها داوایان كرد زەمینەیەكی لەبار و ئارام بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران فەراهەم بكرێت.