بەغدا؛ بەشداربووانی پڕۆژەکانی مەحەبە دژی دواکەوتنی یەکەکانیان گردبوونەوە
جارێکی دیکە بەشداربووانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی "مەحەبە یەک و دوو" لە بەغدا رژانە سەر شەقام و لەبەردەم تەلاری دەستەی وەبەرهێنان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، ئەمەش بەهۆی تەواونەکردنی پڕۆژەکەیان کە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕوانی وەرگرتنی دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند؛ کێشەی بەشداربووانی ئەم پڕۆژەیە مێژوویەکی کۆنی هەیە و وەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن، دەبوو لە ساڵی 2019دا پڕۆژەکە بەتەواوەتی رادەستی خاوەنەکانیان بکرایە، بەڵام تاوەکو ئێستا کە ساڵی 2026ـە، نزیکەی 500 خێزان لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە و یەکەکانیان وەرنەگرتووە.
بەشداربووانی ناڕازی ئاماژە بەوە دەکەن، بڕە پارەیەکی زۆریان لە نێوان (40 بۆ 100) ملیۆن دینار وەک پێشینە داوە بەو کۆمپانیایەی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، بەڵام نەک هەر لە کاتی خۆیدا تەواو نەکراوە، بەڵکو گومانیان لە کوالیتی دروستکردنی یەکەکان هەیە و دەڵێن دەستکاری دیزاینی بنەڕەتی پڕۆژەکەش کراوە.
خاوەندارییەتی پڕۆژەکە بۆ نزار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە، کە برای وەزیری ژینگەی عێراق سروە عەبدولواحیدە. هاووڵاتییان لە گردبوونەوەکەیاندا جەختیان کردەوە، چەندین جارە خۆپێشاندان دەکەن، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی کردەییان دەستنەکەوتووە.
ئەمڕۆ، دانیشتووانی هەردوو کۆمەڵگەی مەحەبە یەک و دوو، شانبەشانی ئەو کەسانەی گرێبەستی کڕینیان لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار هەیە، داوایان لە دەستەی وەبەرهێنان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کرد بەپەلە بێنە سەر هێڵ، کێشە یاسایی و تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە چارەسەر بکەن و چارەنووسی پاشەکەوت و ماڵ و حاڵیان یەکلایی بکەنەوە.