وەزیری ناوخۆ: بەغدا قوربانییانی هێرشەکانی سەر کوردستانی قەرەبوو نەکردووەتەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەسیکۆدا و دابەشکردنی داهاتی گومرگی بە رێژەی 50% بە 50% کراوە. دووپاتیشی دەکاتەوە، بەغدا هەنگاوی کرداری بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هێرشەکان نەناوە. باس لەوەش دەکات، کۆمپانیاکانی نەوت بەبێ دڵنیایی ئەمنی ئامادە نین دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کرد. 

 

رێککەوتنی ئەسیکۆدا و داهاتی گومرگ

لەبارەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و نەمانی بازگە نایاساییەکان، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوای چەندین کۆبوونەوە، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا کراوە. تەنیا یەک خاڵی ناکۆک مابوو ئەویش دابەشکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بوو. دواجار بەپێی دەستوور بڕیار درا بە رێژەی 50% بۆ هەولێر و 50% بۆ بەغدا دابەش بکرێت. 

وەزیری ناوخۆ جەختی لەوەش کردەوە، بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، ئاسانکاریی تەواو بۆ بازرگانان دەکرێت و کاری بازرگانی دەبووژێتەوە. 

وەزیری ناوخۆ بە پێویستیشی زانی، کۆتایی بەو بازگە نایاسایی و نادەستوورییانە بهێندرێت کە لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دانراون و باجی لەدەرەوەی یاسا لە خەڵک وەردەگرن.

 

قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هێرشەکان

لە وەڵامی پرسیارێکی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ روونیکردەوە راپۆرتێکی وردیان سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان ئامادە کردووە و پێشکەش بە حکوومەتی فیدراڵییان کردووە. 

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیری ناوخۆ رەخنەی لە بەغدا گرت تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانە نەناوە و تەنیا بەڵێنیان داوە.

 

پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و بەرگریی ئاسمانی

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەر ئەحمەد لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری کوردستان24دا، هۆکاری راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتی لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکانەوە گەڕاندەوە بۆ ئەو هەڕەشانەی لەناو خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.

رێبەر ئەحمەد داواشی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنێت، چونکە بەبێ بوونی دڵنیایی ئەمنیی بەهێز، کۆمپانیاکان ناتوانن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

لەبارەی هەوڵەکان بۆ هێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد، خەریکی گفتوگۆی بەردەوامن لەگەڵ کۆمپانیاکان و سەرۆکایەتیی دەستەی ئەرکانی سوپای عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کۆبوونەوە و سەردان ئەنجام دراون و رەنگە لەم رۆژانەشدا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت. 

روونیشیکردەوە، هێنانی سیستەمی بەرگری و دژە درۆن کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەهۆی گرنگیی بابەتەکەوە، حکوومەتی فیدراڵی بەڵێنی هاوکاریی داوە. 

بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، لەبەرئەوەی حکوومەتی فیدراڵی خۆی توانای پاراستنی کێڵگەکانی نییە، بەڵێنی داوە رێگە بدات کۆمپانیاکان خۆیان سیستەمەکە بهێنن، بۆ ئەمەش جۆرێک لە کاری هاوبەش و هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی دروست دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە و پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان.

 

گۆڕانکاری لە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان

لە کۆتاییدا، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش. روونیکردەوە لە قۆناخی داهاتوودا، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەبێتە پەیوەندییەکی دووقۆڵی، جەختیشی لەوە کردەوە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی بایەخە.