عێراقچی: ئێران هەم لە جەنگ و هەم لە دیپلۆماسیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ئەمریکا لە سەرەتای ئاڵۆزییەکاندا داوای خۆبەدەستدانی بێمەرجی لە تاران دەکرد، بەڵام خۆڕاگریی وڵاتەکەی رکابەرەکانی ناچار کرد لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا داوای دانوستان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی ڤیدۆییدا رایگەیاند، هیچ لایەنێک پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کۆماری ئیسلامیی ئێران بتوانێت بەم شێوەیە لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاوایی و هەرێمییەکانیدا خۆڕاگر بێت و لە کۆتاییدا رکابەرەکانی ناچار بە دانوستان بکات.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای ئاڵۆزییەکاندا سەرۆکی ئەمریکا داوای "خۆبەدەستدانی بێ مەرج"ـی لە ئێران دەکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 20 رۆژ بەسەر رووداوەکاندا، هەمان ئەو لایەنە داوای ئەنجامدانی دانوستاندنی دەکرد.
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە دیپلۆماسییەکەش، عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە گەلی ئێران توانای خۆی لە بەرگریکردن لە مافەکانی سەلماندووە. هەروەها ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لە بەرپرسانی نێودەوڵەتی پێیان راگەیاندووە، ئێران لە یەک کاتدا هەم لە گۆڕەپانی جەنگ و هەم لە بەرەی دیپلۆماسیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
عێراقچی گوتیشی: لە جەنگی ئەمدواییەدا ئێران هێز و بوێریی خۆی بۆ جیهان سەلماند، هێزە چەکدارەکانمان لە مەیدانی جەنگدا گەورەترین سوپای جیهانیان تێکشکاند، هەروەها رێگەمان نەدا ژیانی رۆژانەی گەلەکەمان لە ژێر قورسترین بۆردومانەکاندا تووشی کێشە ببێت.