هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی مووچەی پلەباڵاکانی عێراق لە ئارادایە

محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات کە پێشنیازەیاسایەک بۆ رێکخستنەوەی مووچەی پلەباڵاکان ئامادە کراوە و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت چاکسازی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەستپێبکات بۆ ئەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەدی بێت و قەیرانی دارایی تێپەڕێنرێت.

زۆرجار هاووڵاتییان رەخنەی ئەوە دەگرن کە لە عێراق هاوسەنگی لە نێوان مووچەکاندا نییە، بەتایبەتی مووچەی پلەباڵاکان و سەرۆکایەتییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق پێشنیازەیاسایەک بۆ کەمکردنەوە و رێکخستنەوەی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە و پلەباڵاکان ئامادە دەکەن.

دکتۆر محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی یاسایی بە پشتبەستن بە ماددەکانی 63، 74 و 82ـی دەستوور، پێشنیازی کەمکردنەوە و رێکخستنەوەی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و پلەباڵاکانی پەسەند کردووە.

خەفاجی ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت چاکسازی لە سەرۆکایەتییەکان و پلەباڵاکانەوە دەستپێبکات، لە پلەی وەزیرەوە بۆ خوارەوە تاوەکو دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی، پێش ئەوەی بچنە سەر فەرمانبەرانی دیکە. گوتیشی: "ئەم هەنگاوە متمانەی هاووڵاتییان بۆ چاکسازیی راستەقینە دەگەڕێنێتەوە و هاوکار دەبێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی."

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی روونیشیکردەوە، چارەسەری قەیرانەکە تەنیا پێویستی بە یاسای نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە راگرتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و بنبڕکردنی گەندەڵی هەیە. ئاشکراشی کرد کە بەهەدەردانێکی زۆر لە تەندەر، کڕین و خەرجییەکاندا هەیە کە دەکرێت لە رێگەی یاسا و چاودێرییەوە چارەسەر بکرێن، هاوکات جەختی لە زیادکردنی داهاتی نانەوتی کردەوە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دابەشکردنی مووچە لە 45 رۆژ جارێکدا دەکەن، محەمەد جاسم خەفاجی رایگەیاند، هەرچەندە قەیرانی دارایی لە ئارادایە و رەنگە ببێتە هۆی دواکەوتنی مووچە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن دابەشکردنی مووچە ببێتە 45 رۆژ جارێک.

ماوەی چەند مانگێکە عێراق بە قەیرانێکی قوڵی دارایی دا تێدەپەڕێت، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران. جێی ئاماژەیە، عێراق مانگانە تەنیا بۆ دابەشکردنی مووچە و خەرجییەکان، پێویستی بە زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار هەیە.