قەتەر: گفتوگۆکان سەبارەت بە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو

ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرای دەکات، گفتوگۆکانی عومان و ئێران سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات فشارەکانی سەر ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی غەززە زیاتر بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان عومان و ئێران لەسەر پرسی گەرووی هورمز بەردەوامن و گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو. 

ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستانەکان لە خاڵێکی یەکلاکەرەوەدان و دەوحە پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

لەبارەی رۆڵی قەتەر لەو پرۆسەیەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە روونیکردەوە وەک نێوەندگیرێک کار دەکەن و ئامانجیانە بە زووترین کات گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا بکرێتەوە. 

جەختیشی لەوە کردەوە، قەتەر پشتگیری لە هەر شێواز و رێککەوتنێک دەکات ئاسایشی گەرووەکە و ئازادیی هاتوچۆی دەریایی مسۆگەر بکات و رێگە نەدات ئەو رێڕەوە ئاوییە ببێتە ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی. هاوکات دڵنیایی دا پەیام و وەڵامی ئەرێنییان لە هەردوو لایەنی عومانی و ئێرانییەوە پێگەیشتووە.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، گەرووی هورمز رووبەڕووی داخستن و ئاستەنگی هاتوچۆی دەریایی بووەتەوە.

ئێران و عومان ماوەیەکە لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ دانانی میکانیزمێکی نوێی هاوبەش بە مەبەستی رێکخستنی جووڵەی کەشتییەکان و دیاریکردنی رێڕەوی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچە ستراتیژییە. لەم نێوەندەدا قەتەر و پاکستان رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و رێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی سەربازی. 

رێککەوتنی غەززە و ئاسایشی ناوچەکە

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر تیشکی خستە سەر دۆخی غەززە و رایگەیاند، پشت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەستن بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئیسرائیل بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی غەززە. 

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد ئاسایشی ناوچەکە بەرپرسیاریەتییەکی بەکۆمەڵە و پێویستی بە هەماهەنگیی هاوبەشی ناوچەیی هەیە.