کیپلەر: ئەمڕۆ شەش کەشتیی لەگەرووی هورمز هاتوچۆیان کردووە

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، تەنیا شەش کەشتی توانیویانە هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بکەن، لە کاتێکدا تێکڕای هاتوچۆ لە 10 رۆژی رابردوودا نزیکەی 11 کەشتی بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هیواکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران پاشەکشەی کردووە.

بەپێی داتاکانی کۆمپانیای 'کیپلەر' کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، چوار کەشتی بارهەڵگر کە  کاڵا سەرەتاییەکان هەڵگرتبوو چوونەتە ناو رێڕەوە ئاوییەەکەی گەرووی هورمز، هەروەها دوو کەشتیی نەوتهەڵگری کە یەکێکیان گازی شل (LPG) پێ بووە و ئەوەی تریان سووتەمەنیی بارکردووە و گەروویان هورمزیان جێهێشت.

پێش هەڵگیرسانی جەنگ، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی ئاسایی رۆژانە لە نێوان 130 بۆ 140 کەشتیدا بوو، ئەمەش قەبارەی پاشەکشەی ئێستای هاتوچۆ لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی گواستنەوەی وزەی لە جیهاندا دەردەخات.

هەروەها هاتوچۆی دەریایی لە گەروی بابولمەندەب وەکو گەرووی هورمز کەمبووەتەوە، بە جۆرێک کە داتاکانی "کیپلەر" دەریانخستووە رۆژی دووشەممە 25 کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕ بوون.

دابەزینی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتن، بە جۆرێک کە رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە ئێران کرد قەرەبووی ئەو ئەوکەسانە بکاتەوە کە لە جەنگ و خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەست داوە.

هەڵوێستەکەی ترەمپ لە وەڵامی داواکارییەکانی ئێراندا هات بۆ وەرگرتنی قەرەبوو و هەڵوەشاندنەوەی سزاکان؛ ئەو داواکارییانەی کە تا رادەیەکی زۆر هاوتەریبن لەگەڵ بڕگەکانی رێککەوتنێکی سەرەتایی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا واژوو کرا پێش ئەوەی دواتر هەڵوەشێتەوە.