وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتە تاران

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، وەزیری ناوخۆی پاکستان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران.

ئاژانسی هەواڵی "مێهر" بڵاویکردەوە، موحسین رەزا نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە تاران.

ئاماژەی بەوەش دا، پاکستان هەوڵە دپلۆماسییەکانی بۆ ناوبژیوانیکردن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەست پێکردووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی ترەوە، لە ئێستا تاران خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ سەڵتەنەی عومان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە هاوبەشی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە تا ئەمریکا بە مەرجەکانی ئێران رازی نەبێت لە بارەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکان، ئەوە گەرووی هورمز ناکرێتەوە.

پێشینەی قەیرانی جەنگ و داواکارییەکانی ئەمریکا

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، ئیدارەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵوێستێکی توندیان هەبوو و داوای خۆبەدەستدانی بێمەرجیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرد. بەڵام مانەوەی دۆخەکە و بەرگریی تاران وای کرد کە هاوکێشەکان بگۆڕێن و دوای نزیکەی 20 رۆژ، لایەنە رکابەرەکان ناچار ببن داوای ئەنجامدانی دانوستان و گفتوگۆ بکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

دۆخی گەروی هورمز و داخستنی بەڕووی کەشتیوانیدا

گەرووی هورمز وەک یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە ئێستادا بەهۆی بەردەوامیی جەنگ و بارودۆخی مەیدانییەوە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە، تاران جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوەکو جەنگ بەردەوام بێت و مەرجەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکان و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان جێبەجێ نەکرێن، رێگە بە هیچ کەشتییەکی تێپەڕبوو نادرێت، لەم پێناوەشدا پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی ستراتیژیی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گەرووەکە پەسەند کردووە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ڕۆڵی عومان و پاکستان

 لەپاڵ دۆخی مەیدانیدا، جووڵەیەکی دیپلۆماسیی چڕ بەڕێوە دەچێت، لەلایەک دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عومان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و رێکخستنی داهاتووی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەروی هورمزدا، لەلایەکی تریشەوە سەردانی بەرپرسانی پاکستان بۆ تاران لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ ناوبژیوانیکردن و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن.

گۆڕانی هاوکێشە هەرێمییەکان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە

 هەروەها تێگەیشتنێکی نوێ لەناو وڵاتانی ناوچەکەدا دروست بووە وەک لە رێککەوتنی مەککە و نزیکبوونەوەی نێوان تورکیا، سعوودیە و پاکستاندا دەرکەوتووە، پێیان وایە بەدیهێنانی ئاسایش لە رێگەی ئەمریکاوە چارەسەر نییە، بەڵکو دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بەبێ پشتبەستن بە لایەنی دەرەکی پەیوەندی و ئاسایشی خۆیان بەهێز بکەن، هەرچەندە ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە دژی ئەم هاوکارییە هەرێمییانە نییە ئەگەر دژی بەرژەوەندییەکانی نەبن.