سیپان شێروانی: پشکی ئێمە 140 هەزار بەرمیلە نەک 50 هەزار

سیپان شێروانی
سیپان شێروانی

پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، واژۆی زیاتر لە 130 پەرلەمانتاری عێراق کۆکراوەتەوە بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی فیدراڵ تاوەکو کێشەی بەنزینی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، هاوکات قسەکانی وەزیری نەوتی عێراقیش لەسەر ناردنی بەنزین رەتدەکاتەوە و بە دوور لە راستی ناویان دەبات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یاداشتێکی فەرمییان بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە کردووە، تاوەکو ئێستاش واژۆی زیاتر لە 130 پەرلەمانتاریان بۆی کۆکردووەتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەی واژۆکان بگاتە 160 بۆ 170 واژۆ، بەمەش زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی کردەوە، یاداشتەکەیان پاڵپشتە بە بڕگەکانی 14، 111 و 121ی دەستووری عێراق، جەخت لە یەکسانیی سەرجەم پارێزگاکان دەکەنەوە لە دابەشکردنی سامانەکاندا. لە یاداشتەکەدا دوو بژاردە خراوەتە بەردەم بەغدا، یان پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکان بەپێی رێژەی دانیشتووان (14%) دابین بکرێت دەکاتە 140 هەزار بەرمیل لەبری ئەو 50 هەزار بەرمیلەی ئێستا تەنیا 6%ی پشکەکانە، یانیش حکوومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەنزینی ئامادەکراو بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

لە وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق گوتبووی بەغدا ئامادەیە بەنزین و نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، سیپان شێروانی ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەو قسانەی لە راگەیاندنەکانەوە دەکرێن راست نین. هەفتەی رابردوو خۆم لە بەغدا سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکانی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و پاڵاوگەکانم کردووە، عێراق خۆی رۆژانە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکات چونکە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی ناکات، ئیتر چۆن دەتوانێت بەنزین بۆ ئێمە دابین بکات؟".

شێروانی رایگەیاند: "ئەگەر ئەو قسانە راستن و ئامادەییان هەیە، فەرموون با سبەی چوار ملیۆن لیتر بەنزین یان ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە خاوە بنێرن دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزین".

لە کۆتاییدا، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە بەپێی زانیارییەکانیان، پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە هیچ شێوەیەک توانای ئەوەیان نییە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن، ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە دەگوترێت لەگەڵ راستییەکاندا یەک ناگرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "برایانمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دابینکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتیان کرد بۆ بەکاربردنی ناوخۆ، چونکە ئەوان پاڵاوگەی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەراشکاوی پێمان گوتن 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە وەردەگرین و هەناردەی دەکەین، ئێمە وەک وەزارەتی نەوتی عێراق ئەرکی دابینکردنی بەرهەمی سووتەمەنی (بەنزین، زەیتی گاز) دەگرینە ئەستۆ بەو نرخەی کە لە هەموو پارێزگاکان هەیە، ئەوان رای جیاوازیان هەبوو کە خۆیان ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرن و ئەم بەرهەمانە خۆیان دابینی دەکەن بەرامبەر پێدانی 50 هەزار بەرمیل."