هاوسەرۆکی دەم پارتی: جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە هێندەی پەسەندکردنی گرنگ و چارەنووسسازە

تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، جێبەجێکردنی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی ئاشتی هێندەی پەسەندکردنی لە پەرلەمانی تورکیا گرنگ و چارەنووسسازە، داواش دەکات ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بەپەلە راپۆرتەکەی ئامادە بکات و لە رۆژنامەی ڕەسمی بڵاوی بکاتەوە تاوەکو یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

تولای هاتیمئۆغوڵلاری هیوای خواست یاسای چوارچێوە ببێتە مایەی خێر و ئاشتی بۆ تەواوی تورکیا و گوتی "ئەمڕۆ لە پەرلەمان گەنگەشەی زۆر گرنگ کران و لایەنەکان نیگەرانییەکانی خۆیان خستەڕوو. ئێمە ئەم یاسایە وەک هەنگاوی یەکەم دەبینین بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەم خاکەدا، بۆیە بەهێزەوە پشتیوانیییەکمان کرد."

هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لە گرنگیی هەنگاوە کردارەییەکانی دوای یاساکە کردەوە و رایگەیاند "ئەوەی لەمەودوا گرنگە، هەنگاوە کردارییەکانە. بۆ ئەوەی یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە بەپەلە وڵات کۆمیسیۆنەکە پێکبهێنێت، راپۆرتەکەی ئامادە بکات و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوی بکاتەوە. ئەمە هێندەی پەسەندکردنی یاساکە حیاتی و گرنگە."

هاتیمئۆغوڵلاری ئاماژەی بەوەش دا، دوای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، چاوەڕێی هەنگاوی بەهێزتر دەکەن بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و دەرکردنی یاسای نوێ.

سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی بڕیاری ئەنجوومەنی  ئاسایشی تورکیا بۆ ساڵی نوێ، هاتیمئۆغوڵلاری هۆشداری دا و گوتی "هیوادارین دوا نەکەوێت. چونکە خاوکردنەوەی پرۆسەکە رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی، راستە پەسەندکردنی یاساکە پرۆسەکە رزگار دەکات، بەڵام جێبەجێکردنەکەی چارەنووسسازترە، ئەم یاسایە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەشداریی سیاسیی زیندانیان، ئاوارەکان و ئەو کەسانەی چەک دادەنێن، بۆیە بەهیچ جۆرێک نەبێت پەکی بکەوێت."

لە لایەکی دیکەوە، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە هەڵسەنگاندنێکی کورتدا دەربارەی یاسای چوارچێوە گوتی "پیرۆز بێت و بەخێر بێت بۆ هەمووان، کارێکی درێژخایەن و ڕێگەیەکی درێژمان لەپێشە."