ترەمپ: ئێرانییەکان لە پرۆسەی دانوستاندا راستگۆ نین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر ئیدارەی ئێران و شێوازی دانوستاندنەکانیان، راشیگەیاند: ئێرانییەکان لە پرۆسەی دانوستاندا راستگۆ نین و ئەگەر هێرشمان نەکردابایە سەریان، تاوەکو ئێستا ببوونە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ Real America’s Voice ئاماژەی بەوە دا، واشنتن لە شێوازی دانوستاندنی تاران بێئومێد بووە و گوتی "ئێرانییەکان فێڵمان لێ دەکەن؛ لە ناو ژووری کۆبوونەوەکاندا بە پێشنیازەکان رازی دەبن، بەڵام لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە رەتی دەکەنەوە و پاشگەز دەبنەوە."

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی ئێران و سێکتەری ئابووری، دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە ئابووریی ئێران بە تەواوی لە بارودۆخێکی پاشاگەردانیدایە. هاوکات باسی لە بازاڕی وزە کرد و دەستکەوتەکانی ئیدارەکەی خستەڕوو و گوتی "لە سەردەمی ئیدارەی ئێمەدا، نرخەکانی نەوت زۆر نزمترن بەراورد بەوەی لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا هەبوو."

لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا بەرگریی لە بڕیاری بەکارهێنانی بژارەی سەربازی کرد لە دژی تاران و رایگەیاند "جەنگ هەنگاوێکی زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی رێگریی بکەین لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." گوتیشی "ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردابایە سەر ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بەئەنجام دەگەیاند و چەکی ئەتۆمیان بەدەست دەهێنا."