زەیدی: لە ریشەکێشکردنی گەندەڵی بەردەوامین
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی، لە گرنگیی تەواوکاری و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حکوومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە.
سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە فالح حەسەن خەزعەلی، سەرۆکی فراکسیۆنی مونتەسیرون و پەرلەمانتارانی ئەو فراکسیۆنە کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ژمارەیەک دۆسیە و پرسی پەیوەندیدار بە بارودۆخی خزمەتگوزاری، بژێوی، ئابووری و ژینگەیی هاووڵاتیان، لەگەڵ چەند پرسێکی نیشتمانیی دیکە کرا.
زەیدی جەختی لەوە کردەوە، حکوومەت دیدگایەکی ئابووریی داڕشتووە کە لەسەر بنەمای چالاککردنی کەرتە گەشەپێدەرەکان بونیاد نراوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی بودجەی بەرنامە و کارامەیی.
هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵەکان دا بۆ چارەکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی وڵات دەبنەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنی کاری دامەزراوەیی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونکردنەوەی دا لەسەر، ئاراستەی حکوومەت بۆ وەبەرهێنانی کاریگەرتر لە سامانی نەوتدا، لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان بە وزەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە دروستکردنی "شارۆچکەی وزە" رۆڵی دەبێت لە ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر و رەخساندنی زەمینەیەکی فراوان بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی.
هەروەها زەیدی داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد کە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەت بکەن لە رێگەی پەسەندکردنی بودجەی بەرنامە و کارامەیی، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە واقیعی ئابووریی وڵاتدا، بەرزکردنەوەی کارایی خەرجییەکان و بەستنەوەی سەرچاوەکان بە ئەنجام و ئامانجە گەشەپێدەرەکانەوە.
لە لای خۆیەوە، فالح خەزعەلی جەختی لە گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە و، پشتیوانیی فراکسیۆنەکەی بۆ سیاسەتەکانی حکوومەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی چاکسازییە ئابووری و گەشەپێدانەکان دەربڕی.
فالح خەزعەلی ئاماژەی بەو بەدواداچوون و توێژینەوانە کرد کە فراکسیۆنەکەیان بۆ چەندین دۆسیە ئەنجامی داون، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە رێکخستنی کارمەندانی بیانی و بەدواداچوونی کەیسەکانی گەندەڵی و، جەختی لە بەردەوامیی رۆڵی چاودێری و یاسادانانی پەرلەمان کردەوە بە شێوازێک کە خزمەت بە رەوتی چاکسازی بکات.
هاوکات پەرلەمانتارانی ئامادەبوو ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتدا، بۆ پشتیوانیکردنی ئاراستەکانی لە جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ئابووری و گەشەپێدانەکان بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بژێویی هاووڵاتییان و، جەختیان لە گرنگیی تەواوکاریی هەوڵەکانی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە لە چارەکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵات دەبنەوە.