وەزیری بەرگریی پاکستان: ئەمریکا و ئێران نزیکن لە رێککەوتن

وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک یان جۆرە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ ئاشتی نزیک بوونەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێداگریی نوێی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەرگرتنی قەرەبووی مێژوویی لە تاران لە پێناو کردنەوەی گەرووی هورمز.

سێشەممە 11ی ئابی 2026، خواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی بلوومبێرگ ئاماژەی بەوە کرد، کاروبارەکان سەرلەنوێ بەرەو رێککەوتن یان لێکتێگەیشتنی ئاشتی دەچن و نیشانەکانی دوو یان سێ رۆژی رابردوو دەریدەخەن کە هەردوولا لە گەیشتن بە سازان نزیک بوونەتەوە.

وەزیری بەرگریی پاکستان جەختی کردەوە کە گەیشتن بە رێککەوتنی هەمیشەیی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکە دەکات و هێمایەکی ئەرێنییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ موحسین رەزا نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە تاران.

میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە دا، پاکستان هەوڵە دپلۆماسییەکانی بۆ ناوبژیوانیکردن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەست پێکردووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانەی پاکستان لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە مەرجدارکردنی دانوستانەکان بە وەرگرتنی قەرەبووی دارایی جەختی لەوە کردەوە کە پێدانی قەرەبوو لە لایەن ئێرانەوە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ چارەسەری کێشەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەموو سەرنجەکان ئێستا لەسەر پرسی دانوستانەکانی کردنەوەی گەرووی هورمزن.

دوێنێ ترەمپ داوای قەرەبووکردنەوەی سەرجەم زیانەکانی بەرکەوتوو بە بۆمب و هێرشە چەکدارییەکانی ئێران، لەوانەش قەرەبووی خێزانی قوربانیانی کەشتیی جەنگیی (USS Cole) و کەسوکاری ئەو سەدان هەزار خۆپێشاندەرەی کرد کە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە کوژراون.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتەوە، ترەمپ بەردەوام لە نێوان هەڕەشەی سەربازیی بە توندکردنەوەی هێرشەکان و پێداگری لەسەر نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئاشتی هاتوچۆ دەکات، و هێشتا روون نییە کە چۆن هەردوولا دەگەنە چارەسەر لە کاتێکدا مەرجەکانی یەکتر بە تەواوی رەتدەکەنەوە.

پاکستان نێوەندگیری سەرەکی بوو لەو گفتوگۆیانەی کە بوونە هۆی گەیشتن بە یادداشتی لێکگەیشتنی مانگی حوزەیرانی رابردوو لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی راگرتنی شەڕ، هەرچەندە ئەو رێککەوتنە تەمەنی کورت بوو و لایەنەکان گەڕانەوە سەر ململانێ سەربازییەکان، پێش ئەوەی جارێکی تر بچنەوە ناو قۆناخێکی نوێی هێورکردنەوە کە هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز.